ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکووک.
شوان خورشید
هەروەک ڕاگەیاندن ئەژمار دەکرێت بە دەسەڵاتی چوارەم دوای دەسەڵاتەکانی یاسادانان(تەشریعی) و جێبەجێکار(تەنفیزی) و دادوەری چوارەم دەسەڵات کە دێت ڕاگەیاندنە، یان دەکرێت بوترێت ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم کاریی چاودێری و بنکۆڵکردنی دەسەڵاتەکانی ترەو لە ڕێیە پیشەییەکەیەوە هەوڵ دەدات شیکاری بۆ کەموکووڕی و هەڵەکانی دەسەڵات بکات و لە غلۆر بوونە و سەرەو لێژی ڕاستیدان بکاتەوە، کەواتە ڕۆڵی ڕاگەیاندن کەمتر نییە لە دەسەڵاتە باڵاکانی وڵات لە ڕێی چاودێرییەوە بە تایبەت لە وڵاتە دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینەکان دا، کاتی ئازادی ڕادەربڕین بوونی هەبێت وەک کۆڵەکەی دیموکراسی ئەوکات ڕاگەیاندن ڕۆڵی کارا دەبینێ لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دا لە ڕێی چاودێری و بەدواداچونەکانییەوە.
کەواتە ڕۆڵ و ئەرکی ڕاگەیاندن ئەوەندە گرنگ بێت، تا چەند توانیویەتی پێکەوە ژیان لە شاری کەرکووک بچێنێت لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە، ئایا توانیویەتی وەک دەسەڵاتی چوارەم بە ئەرکی خۆی هەستێت و گۆڕەپانێک بۆ پێکەوەژیان لەنێو پێکهاتەکان بکاتەوەو ڕۆڵی پیشەی و ئەساسی خۆی ببینێ، ڕاستە کەرکووک فرە پێکهاتەی نەتەوەی و ئایینی دۆخی شارەکەی ئاڵۆز کردووە، بەڵام گەر هەوڵی ڕاگەیاندن وەک و ئەوەی ناوزەد دەکرێت بە چاودێری دەسەڵاتەکانی ترو چوارەم دەسەڵاتی بەباڵای خۆی بڕیوە، دەبێت ڕۆڵی هەبێت و لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دا پیشەی توانیبێتی ئاو بە ئاگردا بکات و درزی نێوانی پێکهاتەکان نەهێڵێت، چونکە لە جیهان دا ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان و بیرمەندەکان چەندین کاروانی خەباتیان گەیاندۆتە مەنزڵ، ئەگەر سەیری لێکدانەوەو پێشنیارەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ بکەین، شۆڕشی فەڕەنسی لەسەر دەستی ئەو بیرمەندانە شەرەفی سەرکەوتنیان پێ بڕا، بۆیە ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵ ببینێ لە پێکەوەژیان و نزیک کردنەوەی پێکهاتەکانی کەرکووک ئەو بەربەستە نەتەوەی و ئایینییە نەهێڵێت، کە درزی لەنێوان دانیشتووانەکەی درووست کردووە، بەڵام بەداخەوە ڕاگەیاندنەکانی شاری کەرکووک نەک ئەو ئەرکەیان ئەنجامنەداوە بگرە زیاتر دۆخەکەیان ئاڵۆزکردووەو لە جیاتی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە زیاتر هەوڵی لێکترازان و دوورخستنەوەی پێکهاتەکان بوونە، لەبەر ئەوەی لە شارەکە ڕاستە چەندین دامودەزگاو ڕاگەیاندنکارو ڕۆژنامەنووس و نووسەر و ڕۆشنبیر هەن، بەڵام هەریەک لەوانە سەر بە ئایدیایەک و حیزب و لایەنێکن، ئەوەندەی کار بۆ بیروبۆچونی سیاسی خۆیان دەکەن دەستیان بەکاری پیشەیی خۆیانەوە نەگرتووە و وەک مەکینەی ئیعلامی زیاتر دۆخی نێوان پێکهاتەکانیان ئاڵۆزتر کردووە، هەرچەندە ڕاگەیاندن دەیتوانی کاری باشتر بکات لەوەی هەیە، تا شەرەفی ئەوەیا پێ بڕابوایە لە نزیک بوونەوەی پێکهاتەکانی کەرکووک ڕۆڵی ئەرێنیان هەبوایە نەک ئەوەی هەیە هەر یەکە قەڵەم و بیروبۆچون و پیشەکەیان خستۆتە خزمەتی بیری تەسکی لایەنەکانەوەو لە جیاتی ئەوەی درزی نێوان پێکهاتەکان نەهێڵن زیاتر برینی نێوانیانی کولاندۆتەوە، بەتایبەت ئێستا سۆسیال میدیاشی هاتۆتە سەر و پاشاگەردانیەک درووست بووە چەندین جار ڕاستی بابەتەکەیان ئاڵۆزتر کردووە، کە دەبوایە ڕاگەیاندن ڕۆڵی ئەرێنی هەبوایە لە بنیاتنانی پێکەوە ژیان نەک ئەو ڕۆڵە نەرێنیەی کە هەیە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
كورديبيديا غير مسؤول عن محتوى هذا التسجيل وصاحبه مسؤول عنه. قمنا بتسجيله لأغراض أرشيفية.
دون هذا السجل بلغة (کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
تمت مشاهدة هذا السجل 653 مرة
اعطي رأيک بهذا المقال!