وەزیری کشتوکاڵ جەخت دەکاتەوە، هەندێک سەوزە و میوەی بیانی باج و ڕسووماتیان خراوەتە سەر، چونکە بەرهەمی سەوزە و میوەی خۆماڵی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین دەکەن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمەڵێک بەرهەم لە سەوزە و میوەی خۆماڵی کە پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین دەکەن بۆ هاوشێوەکانیان کە لە دەرەوە دێن باجیان خراوەتە سەر، تەنانەت لە هەندێک شوێن قەدەغەی هاوردەکردنیشیان خراوەتە سەر.''
ئاماژەی بەوەش دا: هەندێک بەرهەمی دیکەی هاوردە باجیان بەرز کراوەتەوە، لە هەندێک بەرهەمیش قەدەغەی یەکجاریمان کردووە، ئەوەش بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و بۆ بەرژەوەندیی جووتیارانی کوردستان.''
بێگەرد تاڵەبانی جەختی کردەوە: لەو وەرزانەی کە بەرهەمی ناوخۆ و خۆماڵی زیاد دەبێت، هەم باج زیاد دەکەین بۆ بەرهەمی بیانی، هەم هەندێک جار قەدەغەیان دەخرێتە سەر.''
وەزیری کشتوکاڵ دەشڵێت: هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵیی خۆماڵی هەیە پێشکەوتنی باشیان بە خۆوە بینیووە، بۆ نموونە لە بواری میوە و شیرەمەنی، دەمانەوێت خۆبژێویی هەبێت، دواتر کە زانیمان هەر بەرهەمێک لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە، ئەوکات باج دەخرێت سەر بەرهەمە هاوشێوەکانیان.''
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لە کۆبوونەوەدا کاراکردنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی پێشنیارکراوی وەزارەت و پەسند کرا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی لە وەرزی پێگەیشتن، ئەویش بەقەدەغەکردن و دانانی باج و ڕەسم لەسەر بەرهەمی سەوزە و میوە و سامانی ئاژەڵی و پەلەوەریی هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
پێشتر، هێمن سەید موراد، بەڕیوەبەری گشتیی کشتوکاڵی #هەولێر# ڕایگەیاند: ڕۆژانە 100 بارهەڵگر کە هەریەکەیان زیاتر لە 20 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵییان تێدایە لە عەلوەی هەولێرن.''
بەرپرسەکەی کشتوکاڵی هەولێر دەشڵێت: بەرهەمی جووتیارانی هەولێر پێداویستیی بازاڕی ناوخۆی پڕ کردووەتەوە و ئێستا توانیویەتی بۆ بازاڕەکانی ئێراقیش هەمان کار بکات.'' [1]