کوورتەیەک لە خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی #سەلارخان#
ئامادەکردن و نووسین: بەکر دەروێش
دەتوانین ڕۆمانی سەلارخان بە ڕۆمانێکی فرەدەنگی (پۆلیفۆنی) هەژمارکەین کە زیاتر لەپاڵەوانێکی تێدایە و هەمووشیان خاوەنی سەربەخۆیی بڕیاری خۆیانن، ئەم ڕێبازەش لە داهێنانی دۆستۆیڤسکییە.
بابەتی ڕۆمانەکە باسی خۆشەویستی نێوان هەردوو پاڵەوانە کە وێڕای کۆمەڵێ وردە بابەتی تری لاوەکی، کە زۆربەیان ڕەخنەن لە بارودۆخی سیاسی ئێستای سلێمانی و کوردستان.
کاتی ڕۆمانەکە بێجگە لە کاتی دەروونی پاڵەوانەکان، بریتییە لە کاتی ڕابردووی دوور، ڕابردووی نزیک، ئێستا، ڕابردووی دوور. سەردەمی پاشایەتی و نووری سەعیدە، ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی سابوونکەرانە. ڕابردووی نزیک هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، سەردەمی بەعس و ملازم موحسینی جەلادە و شەڕی ئێراق-ئێرانە، ئێستاش سەردەمی کۆرۆنا و دەسەڵاتی چڵێسی کوردییە.
خاڵبەندی ڕۆمانەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە هەموو ڕووداوەکان لە مێشکی پاڵەوانەکاندا ڕەنگدەدەنەوە، تەنانەت ئەو گفتۆگۆیانەش کە بەهێڵی ڕەش نووسراون و هیی کەسانی بەرانبەرن، ئەوانەش بە مێشکی ئەواندا گوزەر دەکات، ئەمەشمان لە شێوازی خاڵبەندی ڕۆمانەکەوە بۆ دەرەکەوێ، کە بەیەک نەفەس نووسراوە، بڕینی تیا نییە، بێگومان خاڵبەندی بەشێکی گرنگی نووسینە، چونکە بە تەواوکەری شێواز و داڕشتن هەژمار دەکرێ، ئەم ڕێبازە کۆنە، سەرەتا لە بواری دەروونشیکاریدا فرۆید بەکاری هێنا، دواتر هاتە بواری ئەدەبەوە، گەلێک لە ڕۆماننووسە ناودارەکانی دنیا بەکاریان هێناوە، لەوانەش جەیمس جۆیس، ڤێرجینیا وۆڵف، ولیەم فۆکنەر. تەوژمی هۆش ئازادییەکی زیاتر بە کەسایەتییەکان دەدات، لەدەرەوەی ویست و ئارەزووی ڕۆماننووس گوزارش لە خۆیان بکەن و ئەوەی لە ناخیاندا پەنگی خواردۆتەوە دەریبڕن.
وەک ناوەرۆک هەڵگری کۆمەڵێ مانا و دەلالەتی ئێستاتیکای قووڵە، قووڵییەک دوور لە زمانێکی ئاڵۆز و گرێدار، کە خوێنەر بێزار دەکەن، زمانێک کە بە ناوی زمانی هۆنراوەی و نوخبەوە دەبنە هۆی وەڕسکردنی خوێنەر، کاتێکی زۆری لێدەگرن، بێ ئەوەی هیچی پێ ببەخشن، بەڵام لەم ڕۆمانەدا زمان تاموچێژێکی تایبەتیی بەخوێنەر دەبەخشێ و دەیباتە دنیای بیرکردنەوە و پرسیارەوە، پرسیار لەوەی بۆچی ئێمە لە جیاتی ئەوەی پێشکەوین، پاش دەکەوین؟ [1]