حەسرەتی دڵ
لە ئێش و حەسرەتی دڵ وەختە بمرم
پەڕ و باڵ ڕەنگە بەم ڕۆژانە بگرم
لە هەرجێ دادەنیشم چۆل و هۆلە
مەگەر کوندم، کە وا وێرانە قەبرم؟
لەنێو کۆڕی ئەدیبان ئەفسەحێ بووم
کەچی ئێستاکە وا بێ نەزم و نەسرم
وەکوو کەروێشکی لانەوخوارم، ئەمما
لە پێش چاوان بەڵان وەک شێر و بەبرم
بە حیلە و فێڵ و نەیرەنگ بووم، ئەوێستێ
چ بەستەزمان و بێ ئەفسوون و مەکرم
ڕەئیسی خێڵی بێ چارانە «کامیل»
ئەنیسی میحنەت و ئەندووﮪ و فەقرم
شوکور زەیقەت هوجوومی کردە لای من
حەدیسی ئەحمەدە (ئەلفەقرو فەخر) م
مەڵێن بێ هیممەتە؛ ڕیشەم لە بن هات
زەعیفە تاقەتم، بێ تینە سەبرم
بەڵای لێ دا ژیانی وا بەزیللەت
چ تاڵ و توونە چاوم، عومری خدرم
بەزیندوویی بە کاری من نەهاتن
ڕەفیقانم؛ مەگەر بمنێنە قەبرم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]