وەکوو فەرهاد
بە وتاری وەکوو قەند تووتیی شەککەرشکەنم
بە چپەی خۆش و ورنگ، بولبولی باغ و چەمەنم
بێ موحابانە و پەروا دەگەڕێم و دەگریم
شەمی هەر کۆڕم و پەروانەیی هەر ئەنجوومەنم
گەنجی تەبعم کە لەنێو کونجی دڵا دیوەتەوە
هەمە سەرمایە، شوکور خاوەنی بەیتولحەزەنم
لە ژیان گەر نییە بەند دەستی شکاوم، چاوم!
چاوەڕێی خوێندنی یاسین و بڕینی کەفەنم
وەکوو فەرهادی بە با چوو هەموو ڕەنج و کارم
بێستوونی خەمی دڵ هەر بە موژان هەڵدەقەنم
سەری خۆی ناوە «ئیمامی» وەکوو مەجنوونی هەژار
هەر دەڵێ شێتم و ئاوبردەیی دار و دەوەنم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]