تاڵ و سوێری
کوتم با ڕوو لە یار و ئاشنا کەم
کە بەشکم دەردی دڵ تۆزێ دەوا کەم
بەڵام یارم نەیار بوو، ئاشناشم
دەڵێ نەمدیوی، ناتناسم براکەم
کە تەوفیریان نییە چ بکەم خودایا
لەگەڵ بێگانە، یاران چۆن جیا کەم؟!
کە ڕووناکی نییە بۆ من لە هیچ لا
لە هەر شوێنێ، دەبێ هەر بێم و ڕا کەم
ئەمن هەر تاڵ و سوێریم دی لە دنیا
دەبێ کەی بێ خودا ڕۆژی جەزاکەم؟
کە جەرگم کون کونە، ئەوچەل لەوێڕا
دەبێ زووخاوی چەند ساڵەم ڕەها کەم
«ئیمامی» پاشی ئەندامی لە قیس چووی
دەڵێ هەر گیانە ماوە، با فیدا کەم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]