با بسووتێم
خۆشە پێم شەم بم، لە نێو جەرگ و دڵی شەودا بسووتێم
ببمە ڕووناکی ڕەفیقان، خۆشم هەر تەنیا بسووتێم
یا وەکوو مەجنوون بە ئاوری عیشقی لەیلا بێوەفاکەم
لەو کەژ و کێوانە وەک دێوانە و شەیدا بسووتێم
زۆر لەمێژە ئارەزوومە شەوچرای من دەرکەوێ، تا
من وەکوو پەروانە خێرا بێم و بێپەروا بسووتێم
بۆم بدا دەست ساعەتێ لەیلا بگرمە باوەشی خۆم
پاش نەمانم با لە نێو ئاوری جەهەننەمدا بسووتێم
هەر لە تاوکەوتن هەتا ڕۆژپەڕ، شەوێ تاکوو بەیانی
وەک کەباب هەر قرچەقرچم بێ، بڵا هەروا بسووتێم
با لە نێو بۆتەی ئەویندا قاڵ ببم، بتوێمەوە باش
لێم گەڕێن تۆخوا، جەهەننەم! با ببرژێم یا بسووتێم
نەک بڵێن ناقیس بوو، خاو بوو، هۆنەرێکی «کامیل»م من
با بەرابەر کا لەگەڵ ئیسمم موسەمما، با بسووتێم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]