وەعز و تەڵقین
من و دڵ عاشقی هەر زەرق و بەرقین
بەپیریش گوێم نەدایە وەعز و تەڵقین
مەکە تۆ باسی تۆبە، واعیزی پیر!
من و دڵ خۆ لە ترسی تۆ دەتۆقین
من و یار هێن بە سەرگەرمی ژیاوین
لە خۆشی یەکتری پڕ شەوق و زەوقین
شوکور زستانی ئەمساڵ وەک بەهار بوو
هەموو کانیاوەکانی کێوی تۆقین
بە کوێری دوژمنم، ڕێوبان کراوە
هەموو جێژوانەکان هەر مان و باقین
کە ڕقئەستوورە ماڕزباب، ڕەقیبم
بڵا هەڵماسێ وەک ماسی لە بەر قین
«ئیمامی» ئەوکەڕەت ئەو دەستە شێعرەت!
لە سەر وەزن و لەسەر شێوەی عێراقین
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]