ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی #26-12-2023# کاتژمێر (4) ، لەیاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری، لەیارییەکی دۆستانەی دێرینانەی یاریزانانی تۆپی پێی ئێراق بە ناونیشانی (هاوڕێیانی نەریمان محەمەد) ، بە سەرپەرشتی داوەرانی #هەولێر# (کانەبی عەزیز، شێروان فاروق، ئارام ئەنوەر) بەڕێوەچوو و دێرینەکانی هەولێر توانیان بەئەنجامی (4-0) لەدێرینەکانی ئێراقی ببەنەوە.
یارییەکە بەهۆی تەمەنی زۆری یاریزانەکان گۆڕانکاری کراوە بوو، هەر تایم (20) خولەک بوو، گۆڵەکانی دێرینەکانی هەولێر لەتایمی یەکەم (نزار سڵێوە) بەلێدانی سەر گۆڵی یەکەم، گۆڵی دووەم (عیماد ئیسماعیل)، لەتایمی دووەم (کاوە عومەر) گۆڵی سێیەم و (هەڵۆ ئەحمەد دزەیی) گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد.
یارییەکە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و ئەو میدیاکارە وەرزشییانەی گرنگی بە وەرزشی ناوخۆ دەدەن و لەگەڵ هاندەرانی دێرینی شار ئامادەبوون، کەشێکی سارد و دێرینەکان بە جوڵەجوان و نەرمەکانیان گەرمیان کردبووەوە، هەرچەند یاریزانی دێرینی هەولێر و کوردستان هەڵۆ ئەحمەد دزەیی لەناو یاریگا تووشی سەرسووڕان بوو کەوتە سەر زەوی، بەڵام هەموو دێرینەکانی هەولێر و ئێراق یارییەکەیان لەگەڵ داوەر کانەبی عەزیز وەستاند و چوون بۆ لای هەڵۆ دزەیی و دڵنیابوون لە تەندرووستی و ئینجا یارییەکە دەستی پێ کردەوە، بەڵام هەڵۆ ئەحمەد ئالنگاری تەمەنی کرد و توانی گۆڵی چوارەم تۆمار بکات و بڵێ تەمەن تەنیا ژمارەیە.
نەریمان محەمەد یەک دوو جار خۆی تاقی کردەوە گۆڵ تۆماربکات، بەڵام شێرۆ خەلیل لەوێ نەبوو، حلمی شەوکەت بوو، نەریمان محەمەد بەخۆشی حەفتاکان شووتی بۆ گۆڵ ڕەوان دەکرد، بەڵام ئامادەبووان لەگەڵ هێرشەکانی نەریمان محەمەد بەیادی ساڵی حەفتاکان هەڵدەستانەوە کە گۆڵ تۆماربکات، ساڵی 2023 یە حەفتاکان بەسەرچوو، نەریمان محەمەد هەر تایم و بۆ تیمێک یاری کرد، تایمی یەکەم بۆ دێرینەکانی هەولێر وتایمی دووەم بۆ دێرینەکانی ئێراق.
دێرینەکانی هەولێر پێکهاتبوون لە (نەریمان محەمەد، هەڵۆ ئەحمەد دزەیی، موحسین حەسەن، مەحۆ ئەتڵەس، فازیل عەباس، نزارسڵێوە، فازیل سەیدە، خدر ئەحمەد، کاوە عومەر نەقار، عیماد ئیسماعیل، ئەحمەد ساڵح خۆشناو، مۆفەق یونس، #دیدار حامید#) وچەند یاریزانێکی تر.
دێرینەکانی تۆپی پێی ئێراق پێکاتبوون لە (عەلی میحداد سەڵاحەدین، کاپتن عادل بەغدا، خەلیفە ئەسوەد کەرکووک ، سەلام فەخری بەغدا، وەلید خالید بەغدا، عیناد عەبد سەڵاحەدین، سەعدی عەواد سەڵاحەدین، حیلمی شەوکەت کەرکووک، حەسەن عەلی بەسڕا، سەباح لازم یانەی شوڕتە، حەسەن سەداوی بەغدا، سەباح عەبدولحەسەن بەغدا، سەعد داود ئالیات شوڕتە، فەیسەڵ عەزیز یانەی شوڕتە، تاریق عەبدولئەمیر یانەی شوڕتە، حەسەن حەمود سەڵاحەدین، ناسڕ حەرابە سەڵاحەدین، ڕەسەن حەمود یانەی جەوییە، نەعیم حەمید یانەی زەوڕا، ڕەزاق حاتم یانەی شوڕتە، سەباح حاتم یانەی شوڕتە) .
ماوەتەوە بڵێین ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا وەرزش دۆستی کوردستان، ئەم ئێوارە سارد و ئەفسوناویە هەموومانی بۆ ساڵی حەفتا و هەشتاکان بردەوە، کەمالی موهەندیس هەموو خەرجی ئەم کەرنەڤاڵەی لەئەستۆی خۆی گرتبوو، دواتر میدالیا بەسەر هەموو یاریزانەکان دابەشکرا و دوو جامی دێرین و جوانیش پێشکەشی هەردوو دێرینەکانی هەولێر و ئێراق کرا، هەمووشیان بەدڵخۆشی یاریگایان بەجێهێشت و دێرینەکان هەموویان بە یەکەوە بەر لەماڵئاویی ساڵی 2023 هەموویان دڵخۆش کردن بە وێنەی یادگاری و بەسەرهاتە خۆشەکان.
[1]