ناڵەی بولبول
خاکە لێوە سەرەتای ساڵی نەوم
دڵڕفێن دڵبەرەکەی چاو بە خەوم
هاتنت هاتە لە بۆ باری ژیان
گیانلەبەر سەهلە گیا دەگرێ گیان
بە هەوای هاتنی تۆ پەیکی شەماڵ
پێشەکی موژدە دەبا ماڵەوماڵ
هاودەسی تۆن لە هەرەس هەور و هەتاو
تا لە جێ ماڵێ دەرێنن چاڵاو
ژیانەوە چاوە بە ئەمری باری
ئاوی هەڵدێر و چەم و جۆباری
دەمی زیندووکەرەوەی بەحر و بەڕی
قاسیدەی خۆش خەبەری بانەمەڕی
بانەمەڕ دەفتەری خۆشی بەشەرە
لاپەڕەی دووهەمی ئینساعەشەرە
کلی چاوە گڵی دەشت و چەمەنی
جەننەتە دیمەنی دار و دەوەنی
باغ و باغات و چیا ڕەنگینە
کاتی خەرمانی گوڵ و نەسرینە
مەخمەری سەوزە بناری کەژ و کێو
گوڵی سوورە لق و پۆپی پەل و چێو
ئەو چراخانە لە داوێنی چیا
گوڵە خاشخاشکە لە نێو سەوزە گیا
خێوەتی سوور و سپی هەڵدا باغ
گوڵ لە پشکووتنە بولبول بەدەماغ
باغ و بەر کردیە بەر خشڵ و کراس
گیانلەبەر مەستە لە بەر بۆی گوڵی یاس
بەرقەدی کێوی بە ئاوی هەڵدێر
پڕ گیا و سێوەڕە مەزرا و زەنوێر
سونبول و سوێسنە مەزرا مەزرا
لە سەران و لە دەران دامەزرا
ژالە مەی لالە پیاڵەی هێنا
بای شەماڵ بۆنی هەڵاڵەی هێنا
کزە با بۆنی هەڵاڵان دێنێ
عەتری گوڵ موفت و بە تاڵان دێنێ
زێڕوەشانی قەدەمی بووکی گوڵە
پەڵە هەوران دڵی پڕیان لە کوڵە
دوای شەوی شەونم و ڕۆژی باران
وەرە بڕوانە دەمی ئێواران
دیمەنی قەوس و قەزەح سەربەرەژێر
چەتری هەڵداوە دەڵێی تاوسی نێر
قەد و یاڵ و خڕ و شیو و دەر و دەشت
بوونە یەک نوسخە لە باغاتی بەهەشت
نە ژمارێکی هەیە نەخش و نیگار
نە حەواڵەی کەرەمی دێنە ژمار
لە سەران مانگەشەوە و شیوان شەو
لە دەران یەک بە دووە قاسپەی کەو
دێ و دەچن قاز و قورینگان پۆل پۆل
لە سەراوان و لە دەوری چەم و گۆل
کەیف و خۆشی و نەشەیە و ڕەقس و سەما
بەزم و شادی لە زەمین و لە سەما
دەشت و سەحرا بە گوڵی ئاڵ و واڵ
جێی فیکر کردنە بۆ ئەهلی حاڵ
گوڵە خاشخاشکی تەماشا کە لە دوور
خاڵی ڕەش جوانە لە سەر کوڵمەیی سوور
خونچە پشکووتووە هەر وەک دەمی یار
سێو وەکوو کوڵمە، هەنار وەک مەمی یار
گوڵی سوور وەختێ کە دی ڕوومەتی سوور
عەرەقی شەرمی ڕژا ڕووبەرە ژوور
شۆڕەبی پرچی پەرێشانی گرت
دی وەکوو زولفی نەچوو مانی گرت
عەڕعەڕ و قامەت و باڵای بەرزی
کە نەمامی قەدی تۆی دی لەرزی
نەرگس ئەو ساتە کە یاری دیوە
مەستی و چاوی خوماری دیوە
داری سەروە و بەری هێنا قەدی یار
فندق و پستە و بادام و هەنار
دوێشەوێ بولبولی عاشق ناڵی
حاڵییە هەر کەسێ وابێ حاڵی
بە هەوای خوێندنی سەر پەلکی گوڵ
تێ گەیشتم وتی ئەی ساحەب دڵ
گوڵەسوورێ دڵی پەڕپەڕ کردم
بە مرادم نەگەییشتم مردم
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]