شۆخی موکریان
لە جێی فرمێسکی سوێر ئەمشەو دەبارێ خوێن لە چاوانم
لە دووری یارە باڵابەرزەکەی شۆخی موکریانم
بریسکەی دا لە مەغریب تەلعەتی ڕۆژی بەرەو مەشریق
قیامەت ڕابووە ئەوڕۆ خودا تۆبە پەشیمانم
بە هەستانی لە خەو تاریکەشەو لاچوو بەیان بەربوو
دەڵێن زولفی پەرێشانی وەلادا ماهی تابانم
سیا پەردەی شەوی لادا تەلیعەی سووڕەتی شەمسی
قەمەر دەرچوو لە عەقڕەب پەرچەمی باداوە جانانم
نیگای چاوی خوماری کوشتمی کوا شاهیدی عادڵ
ئیشارەی چاوی مەستی پێم دەڵێ بێ سووچ و تاوانم
شەوی هیجری کە سامانی نەبوو ڕۆژی قیامەت بوو
بەیانی دیم نە دڵ مابوو نە سەر مابوو نە سامانم
نەسیم ئەنگووت و گوڵ پشکووت و بولبول هەر چریکەی دێ
زەکاتی حوسنە ئاواتی، دەزانێ سوورە خرمانم
لە لای باغی گوڵان ئەوڕۆ نەسیمی عوود و عەنبەر دێ
خەریکی گوڵ چنین بن ڕەنگە دەستەی گوڵ عوزارانم
گوڵ و سەرو و سەمەن وەک شۆڕەبی بێ بۆن و سەر شۆڕن
لە حاندی نەوگوڵم هێزی دڵم سەروی خەرامانم
قەدی سەروە و مەمی نارە چەمی نەرگیس دەمی خونچە
لە بن لێوانەوە لێوی دەڵێ لەعلی بەدەخشانم
تکەی عارەق لە سەر کوڵمی بە عەینی شەونمی سەر گوڵ
دەم و لێوی دەڵێ بڕوانە من خونچێکی خەندانم
دەپرسێ چاوی مەخمووری «حەقیقی» چۆنە ئەحواڵت؟
بە نەشئەی چاوەکانت چاوەکەم سەرمەستی مەستانم
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]