چلدانەی ڕاز
ئازا و بە غیرەت کوردە و دیاری
لەعنەت لە ئاهۆی نەخوێندەواری
بەری بەیانە و لێی وەرکەوتووە
پڵینگی بێشەی شێری خەوتووە
تا خوا حەز دەکا ئازا و نەترسن
بۆ مەرد و ڕەندی لێیان مەپرسن
شێری شکارن ئازا و بە کارن
ئەمما داخەکەم نەخوێندەوارن
هەر بۆیەش ئاوا لێک نامۆ و سڵن
داوا یەکێکە و تێیدا دوو دڵن
ئەوا ڕۆژ هەڵات لەو نێو هەورانە
کاکی من دنیا دەوران دەورانە
دیسان بای شەماڵ هات بە ویزە ویز
گۆپاڵی تۆشی هێنا دەر لە خیز
هەرات لێ دەکا هاڕەی بای وەعدە
دەتۆ ڕادەخوڕن ئەو بەرق و ڕەعدە
ئێستا ڕزگارن هەست و دەست و مست
ڕۆژ ڕۆژی کارە، ساڵ ساڵی زانست
زمانی کوردی چلدانەی ڕازە
چاکی نیازە بڕۆ بخوازە
چت دەوێ تێیدا وردەواڵەیە
لێشی نابڕێ بنەماڵەیە
گەنجی فەرهەنگی نەغدە و نهێنی
نە گەنجێکی وا نێوی نەهێنی
قامووسی واژەی دەریا دەریایە
دوڕڕ و گەوهەری قەت دوایی نایە
بڕۆن بخوێنن گەورە و چکۆڵە
جەبری مافاتە وەستێنن تۆڵە
مەکەن کێشە کێش بڕۆن بەرەو پێش
برا برایە، برا و کێشەکێش؟!
ئاخر هەتا کەی وابێ بەشی تۆ؟
کەی ئاوا دەبێ ڕۆژی ڕەشی تۆ؟
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]