مەریوان
ئەو ساڵەی وا ئاڕمسترانگ
سواری سەفینەی بوو چۆ مانگ
بە هۆی تلسکۆپی قەوی
سرنجی دا کورەی زەوی
سەفینەی دی وەک سەییارە
لە نێو دەریاچێکی دیارە
لە بەر حیرەت کەللەی ماسی
باڵندەی لێ ببوە ماسی
مانگیش دەتگوت بووکی ئاوە
ئاوێنەی بۆ ڕاگیراوە
شاباشی نوقرەی ئەستێرەن
ئەستێرەی عاسمانێ لێرەن
حاسڵ سەرسوڕمانی هێنا
بە یەزدان ئیمانی هێنا
ڕاما و داما داخۆ کوێ بێ؟
ناکا سەییارێکی نوێ بێ؟
جێ بەحرە و دەدرەوشێ ماسە؟!
یا کانگەی دوڕڕ و ئەڵماسە؟!
دەستی مووسا و کێوی توورە؟!
یا مەستوورەی دەریای نوورە؟!
عەرزە و لای ڕۆژئاوا بوونە؟!
یا بەرگەردانی گەردوونە؟!
سەر لێ شێواو بوو ئەندێشە
«کامپیۆتر» سەرنج ڕاکێشە
بە وەرگێڕانی ئەژمارە
بڕیاری دا زرێبارە
دەریای مێژووی مەریوانە
شاری ژوورووی کوردستانە
بە گوێرەی چیرۆکی کۆنە
جێ شاری دەروێشی خۆنە
حاشا بە غەدر و ئاهۆ چوو
زانستی سەنگین بو ڕۆچوو
میغناتیسی کەشتی جەوی
تەنیا لە حاندی وی نەوی
مرۆیان بڕوایان وایە
«مریوان» «واو» ی پێش «یا» یە
گشتی ژیر و دانشمەندن
نائەژمێررێ بێژی چەندن
سەچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]