برا خۆش بوو مەریوانم کە جێگەی خانی خانان بوو
نە جێگەی خەڵقی بێکارە و نە جێگەی جەوری دەوران بوو
مەساحەت گاﮪ مەیدانی دەرەتفێ «جَنَّةُ الْمَأْوَىٰ»
زەل و زووزی زرێبارم بە عەینی باخی ڕزوان بوو
نەسیمی سوبحی «سەرمارو» هەناسەی بەردی «تاراوا»
سەری «گۆڵبەندی میراجی» تەماشاگاهی کەیوان بوو
گوڵاڵەی دەشتی دۆڵاشم وەنەوشەی گوێزە بەیخانم
لەچاوی بەد بەدووری کەی وەکوو فردەوس و غلمان بوو
لە ئەربابی مەلا پرسن کە بەخشش تا چ ئەندازە
لە شێخ پرسن لە بۆ بێ تین چلۆن مەیدانی ئیحسان بوو
لە برقەی خەنجەر و ورشەی ستارخانی لە مل پیاوا
وەکوو جەولانی ڕۆستەم بێ کە حەربی مڵکی توران بوو
لە بۆ ئەربابی تەوقیع و بەجێهێنانی موحتاجی
درۆ ناکەم ئەگەر بێژم لە دنیا «کانیسانان» بوو
بە تۆ چی قانعا بۆ تۆ نەبوو ڕۆژێ بەکامی دڵ
لەسایەی جەهلی کوردان و لەبۆ تۆ «حفری نیران» بوو
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]