قەڵای زەرزوان، یەکێکە لە کۆنترین قەڵا مێژووییەکانی شاری #ئامەد# لە باکووری #کوردستان#، کە بەرگەی چەندین سەردەمی مێژوویی جیاوازی گرتووە.
ئەم قەڵایە دەکەوێتە گەڕەکی (دەمیر ئولجاک)، لەنزیک ناوچەی (چینار) لە شاری ئامەد و مێژووەکەی بۆ نزیکەی 3000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئەو داتایانەی لە ئەنجامی هەڵکۆڵین لە ناوچەکەدا بەدەست هاتوون، ئاماژە بەوە دەکەن، کە قەڵاکە وەک سەربازگەیەکی سەربازی لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانەوە بەکار هێنراوە.
سەرەتای کاری کنە و پشکنین بۆ ئەم قەڵایە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە و بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بوو، هەتا لە ساڵی 2017 شوێنەوارناسان پەرستگایەکی ئایینیی دەوڵەمەندیان لەناو قەڵاکەدا دۆزییەوە، کە بۆ ماوەی چەندین سەدە بەکار هێنراوە.
قەڵاکە پاشماوەی دیوارێکی هەیە، کە درێژییەکەی 1200 مەتر و بەرزییەکەی لەنێوان 12 بۆ 15 مەتردا دەبێت.
جگە لە پەرستگا و دیوارەکە، قەڵاکە تاوەرێکی چاودێری بە بەرزیی 21 مەتر، تاوەرێکی بەرگری، کەنیسە، بینایەکی کارگێڕی، شوێنی نیشتەجێبوون، عەمباری دانەوێڵە و چەک، پەناگە، گۆڕی بەرد، جۆگە و 54 ئەمباری ئاو لەخۆ دەگرێت.
ئەم قەڵایە بێجگە لە گرنگیی مێژوویی، لە رووی هونەرییشەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بە گوتەی سەرچاوەکان، فۆتۆ لە کاتی خۆرئاوابوون لەم قەڵا شوێنەوارییە بووتە جێی سەرنج و بایەخی خەڵک و بۆ گرتنی وێنەیەکی جوانی خۆرئاوابوون لەم دیمەنە ناوازەیە، خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەم قەڵایە دەکەن.
ئەم قەڵا شوێنەوارییە لە ناو لیستی کەلەپووری جیهانیی (یونسکۆ)دا تۆمار کراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=