کۆسار عوسمان
دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە عومەر ئۆجەلان لەگەڵ مامی کۆبووەوە. پەیامێکی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#ی بە ڕای گشتی ڕاگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، دەتوانێت کۆتایی بە پێکدادان و تووندوتیژی بهێنێت.
عومەر ئۆجەلان کاژێر 9:49ی ڕۆژی پێنجشەممە، #24-10-2024# دووەمین پۆستی لە تۆڕی ئێکس لەبارەی دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی #پەکەکە# بڵاوکردەوە و دەڵێت: ڕۆژی 23ی تشرینی یەکەم لە گرتووخانەی ئیمراڵی دیدارێکی خێزانیم لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان سازکرد.
لە بەشی دووەمی پۆستەکەیدا عومەر ئۆجەلان نووسیویەتی: لە دیدارەکەدا بەڕێز ئۆجەلان بە گشتی تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکانی کرد و داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە ڕای گشتی 'گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە ڕابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی.
عومەر ئۆجەلان هەروەها ڕایگەیاندووە، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەندرووستە و سڵاوی بۆ هەمووان هەیە.
عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕووها ڕۆژی پێنجشەممە لە ئێکسی یەکەمیدا ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی یەکەم چوونەتە ئیمڕاڵی و ڕووبەڕوو دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە.
عومەر ئۆجەلان نووسیبووی: ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە #23-10-2024# لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکمان هەبوو.
عومەر ئۆجەلان لە پۆستەکەیدا هەروەها نووسیبووی: دوایین دیداری ڕووبەڕوو لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕۆژی #03-03-2020# بوو. ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان هەبوو. دەمانەوێت سەردانی ڕۆتینی خێزان، کە مافێکی یاساییە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە بەردەوام بێت.
عەبدولقادر سەلڤی کە ڕۆژنامەڤانێکی دیاری تورکیایە و نزیکە لە دەسەڵاتی ئاکپارتی، ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکدا نووسیویەتی: بەهۆی بارودۆخی دوورگەکەوە، ڕۆژی چوارشەممە داوا لە عومەر ئۆجەلان کرا لە دەرچەی سەربازی لە شارۆچکەی مودانایا سەربە پارێزگای بورسا ئامادە بێت. عومەر ئۆجەلان بەرەبەیانیی دوێنێ بە کەشتییەک کە لە دەرچەی مودانیا وەستابوو گواسترایەوە بۆ ئیمراڵی. دیداری نێوان عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاژێر 11:00 دەستی پێ کرد و تاوەکوو پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو.
ئەو ڕۆژنامەڤانە دەڵێت: دەگوترێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عومەر ئۆجەلان، ئەو پەیامەی داوە کە ئەگەر مەرجی گۆشەگیری نەهێڵرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە دانانی چەک.
بە وتەی سەلڤی، ئۆجەلان گوتوویەتی، من ئامادەم بەرپرسیارییەتیی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم، داوا لە ڕێکخراوەکە دەکەم چەکەکانی دابنێت.
#دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی سێشەممە (22ی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەڕڵەمان قسە بکات و بڵێت تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت ڕێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە.[1]