بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای #سلێمانی#
بابەت/ گشتاندن
پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ#و پاشکۆکانی و بڕیارەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی (2/6/2020)و بڕیارەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ڕۆژی (1/6/2020)، لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و تەندروستیی گشتیی هاووڵاتیان و بەرگرتن لە تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی لەلایەن هاووڵاتیانی بەڕێزەوە، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لەم ڕێکارو ڕێنماییانەی خوارەوە داو پێویستە وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن و هەر خەمساردیی و کەمتەرخەمییەک، لایەنی فەرمیی جێبەجێکار ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەکاتەوە:
1-بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو نووسراوی ژمارە (7253 و 7254)ی ڕۆژی (1/6/2020)ی وەزارەتی ناوخۆ وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن جگە لەو بڕگانەی کە لەم ڕاگەیەندراوەدا هەموارکراونەتەوە، پێویستە هەموولایەک پابەندی بڕگەکانی ئەم بڕیارانە بن.
2- لە سەعات (6)ی ئێوارەی ڕۆژی (3/ 6/2020)ەوە بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوەو ڕێکارو ڕێنماییەکانی پێشتر لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو قائمقامیەتی شارۆچکەی مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر پەیوەست بە بوارە جیاجیاکان دیاریکراون، لەژێر چاودێریی و لێپرسینەوەو پشکنینی وردو توندی لیژنەکانی بەدواداچوون و لیژنەکانی قائمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیدا، سێکتەرەکان دەکرێنەوە، هەرکەس و شوێنێک پابەندی تەواوی ڕێکارورێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان نەبێت، شوێنەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت ورێکاری یاساییش بەرامبەر خۆی دەگیرێتەبەر.
3- پێویستە هەموو ئەو بوارو سێکتەرو شوێنی کارو دامەزراوانە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا، پابەندی تەواوی ڕێوشوێنەکانی تەندروستیی و خۆپارێزیی بن و پێداویستی پاکژکردنەوەو کەلوپەلی خۆپارێزیی بەکاربهێنن و پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن.
4-پێویستە دووریی نێوان کەسێک بۆ کەسێکی تر لە هەموو شوێنە گشتیی و فەرمانگەو دامەزراوەکان و بازاڕو مۆڵ و مارکێتەکاندا لە (یەک مەترو نیو) کەمتر نەبێت و نابێت لە هیچ شوێنێکدا بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆڕو کۆبوونەوەو قەرەباڵغی ڕووبدات، بەپێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت و خاوەنەکەی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە، لە فەرمانگەکانی دەوڵەتیشدا بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕیی دەکرێتەوە.
5- لە ڕۆژی (7/ 6/2020)ەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی پێشتر لەلایەن هەر فەرمانگەیەکەوە دیاریکراوە دەوامی فەرمیی فەرمانگەکانی دەوڵەت دەستپێدەکاتەوە، پێویستە فەرمانبەران پابەندی تەواوی ڕێوشوێن و ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان بن و پێشوازیی لە هیچ سەردانکەرو هاووڵاتییەک ناکرێت ئەگەر کەلوپەلی خۆپارێزیی (ماسک و دەستکێش)ی بەکارنەهێنابێت، لە هەموو فەرمانگەکاندا پێویستە لەڕێی سیستمی یەک پەنجەرەوە مامەڵەکان لە هاووڵاتیان وەربگیرێت و لەهەمان شوێنەوە وەڵام بدرێنەوەو هاتنە ناو بەڕێوەبەرێتی و بەش و ژوورەکانی فەرمانگەکان قەدەغەیە، لە هەر شوێنێکدا سەرپێچی بکرێت بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
6- پێویستە هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان بن و ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵکدا ببینن و لە ڕوودانی هەر نەخۆشیی و ناخۆشییەک و کەمتەرخەمییەکدا خۆیان بەرپرسیار دەبن و ئەگەر زیانیان بە تەندروستیی گشتیی گەیاند لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
7- تیمی تەندروستی و پشکنین لە هەموو دەروازە نێودەوڵەتی و بازگە سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی تری دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە جێگیریی دەمێننەوەو پشکنین و ڕێنمایی تەندروستیی پێشکەش دەکەن، هەر کەمتەرخەمییەک لەم بوارەدا بەڕێوەبەری دەروازەو مەرزو بازگەکان و بەڕێوەبەرێتی گشتیی تەندروستی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕیی دەکاتەوە.
8- دوای تەواوبوونی ماوەی کەرەنتینەکردنی دیاریکراوی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ وەک لە بڕگەی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، دەروازەکە لەژێر ڕێوشوێن و ڕێکارو ڕێنمایی توندی تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییدا دەکرێتەوەو هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی لایەنی تەندروستیی لە هەردوولاوە.
9- هاتووچۆ لەنێوان سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تری دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە ڕاگیراوی دەمێنێتەوەو لەدوای (7/6/2020)یشەوە پێویستە تەنها بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆو بەپێی پشکنین و ڕێکاری تەندروستیی و کۆرەنتینەکردن هاتووچۆی دیاریکراوی ڕێگەپێدراو هەبێت، بازگەی جێگیرو تیمی گەڕۆک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاسپێردراون بۆ کۆنترۆڵکردن و ناوچەو ڕێگا لاوەکیی و نایاساییەکان و هەرکەس هەوڵی بە نایاسایی هاتنە سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی بدات ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
10- داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەستەبژێرو کەسایەتییە ئایینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان دەکەین، کە هەماهەنگیی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و، ڕۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدا ببینن و هەموو ئەندام و لایەنگرو هەوادارەکانیان دڵنیا بکەنەوە، کە مەترسیی پەتای کۆرۆنا مەترسییەکی جدییە و هەر کەمتەرخەمیی و بەکەمگرتنێک کارەساتی گەورەی تەندروستیی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
11- داوا لە هەموو دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە ڕۆڵی مێدیایی و نیشتمانیی و مرۆیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناو بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندبوون و خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببینن و وەک هەمیشە چاودێرێکی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەکان بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و ڕێکارە یاساییەکان، هەرکەس و کەناڵێک گیانی سەرکەشیی و بێباکیی و گومانی بەکەمگرتن و شێواندنی ڕاستییەکان بڵاوبکاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
12- هەرکەسێک هەوڵی بەقاچاخ هاتنەوە، یان بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵک بدات، ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
13- هەموو هۆکانی گواستنەوەی گشتی (تەکسی، پاس، مینی پاس) پێویستە پابەندی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان بن و بەپێچەوانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەگیرێت.
14- لیژنەیەکی بەدواداچوونی هاوبەش لە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەکانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائیمقامی قەزاکاندا پێکدەهێنرێت و ڕێکاری ڕاستەوخۆ و خێرا بەرامبەر هەرکەس و شوێنێکی سەرپێچیکار دەگرنەبەرو هەماهەنگیی تەواوی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی دەبن.
15- پێویستە بەنزینخانەو کارمەندانی بەنزینخانەکان پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و لەلایەن کارگوزاری بەنزینخانەکانەوە سوتەمەنیی بکەنە ئۆتۆمبێلەکانەوەو نابێت شۆفێر یان سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەکانیان بێنە خوارەوە.
16- بەهەموو شێوەیەک سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا قەدەغەیە.
17- پرسەدانان و ئاهەنگگێڕان و، هەر کۆڕو کۆبوونەوەیەک کە بەریەککەوتن و تێکەڵاویی دروست بکات قەدەغەیە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
#03-06-2020#