کۆنترین نان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە #27-11-2022#
لە ئەنجامی کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان، چەند پاشماوەیەکی خۆراک دۆزراونەتەوە کە شوێنەوارناسان وای بۆ دەچن کۆنترین نان و هەروەها کۆنترین خواردن بێت کە لەلایەن مرۆڤەوە درووستکرابێت.
لە ئەشکەوتی شانەدەر شوێنەوارناسان چەند پاشماوەیەکی خۆراکیان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا و وای بۆ دەچن پاشماوەی پارچەی نانی سووتاو بێت، ئەمەش ئەو گریمانەیە ڕەت دەکاتەوە کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەسەر گۆشتی کاڵ و گژوگیای دەشتەکان ژیابێت.
کریس هانت پڕۆفیسۆری کلتوورە سەرەتاییەکان لە زانکۆی لیڤەرپول کە بەشداربوویەکی توێژینەوە و گەڕانەکەیە، ڕایگەیاند: وێنە سەرەتاییەکە بەو جۆرەیە کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ بە بەراورد بە مرۆڤی هاوچەرخ ئاستی زیرەکیی کەمتر بووبێت، هەروەها سیستمی خۆراکیشیان زیاتر پشتی بە گۆشت بەستبێت، بەڵام ئەنجامی ئەوەی بەدەستمانهێناوە نیشاندەری خواردنلێنانێکی ئاڵۆز و هەبوونی کلتووری خواردن ئامادەکردنە لەلای نیاندەرتاڵەکان.
ڕاشیگەیاندووە: لەبەر ئەوەی نیاندەرتاڵەکان پێداویستییەکیان لە شێوەی مەنجەڵ نەبووە، ئێمە پێمانوایە دانەوێڵە و تۆوەکانیان لە پێستی ئاژەڵدا تەڕ کردبێت.
بەپێی ئەنجام و شیکارییەکانی نێو گۆڤاری Antiquityی زانکۆی کامبریدج، یەکێک لە پاشماوەی چوار خۆراک ئەوە دەردەخات لە کۆنەوە نیاندەرتاڵەکان خواردنێکیان لە جۆری نان درووست کردووە، یاخود دانەوێڵەی هاڕدراویان بۆ خواردن بەکارهێناوە.
هاوکات خۆراکی بەخەڵووزبوو لە ئەشکەوتی فرانچتی لە باشووری یۆنان دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە مرۆڤە هاوچەرخەکانەوە بەجێماوە.
پشکنینە مایکرۆسکۆبیەکانی پاشماوەی خۆراکە بەخەڵووزبووەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە ڕێگای کوتین و هاڕین، یەکێک بووە لە بەربڵاوترین ڕێگاکانی لێنانی ڕووەکەکان، بەپێی توێژینەوەکەش، ڕووەکە تامدارەکان، یەکێک بوون لە پێکهێنەری سەرەکیی خۆراکیی چاخی بەردین لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی.
دکتۆر سیرین کابوکو زانای شوێنەوارناس لە زاکۆی لیڤەرپول و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە: بۆ یەکەمین جارە بەڵگە لەبارەی خوساندن و کوتینی دانەوێڵە و تۆوەوە لەلایەن مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند دەخەینە ڕوو لە هەردوو ناوچەکەدا، لە دوو قۆناغی جیاشدا لە ئەشکەوتی شانەدەر.
ڕاشیگەیاند: ئێمە بەڵگەی ئەوەشمان خستووەتە ڕوو کە لە خۆراک ئامادەکردندا (تێکەڵە)ی دانەوێڵە و تۆو درووستکراوە و هەروەها تاووتوێی ئەوەشمان کردووە کە جۆرێک لە بەکارهێنانی ڕووەک هەبووبێت بۆ بەدەستهێنانی تام. [1]