- لیژنەی باڵای ئاوارەکان بە ئامادەبوونی ئیسماعیل حەدیدی سەرۆکی لیژنە و جێگری پارێزگاری کەرکووک و د. کەمال کەرکووکی و نوێنەرانی هەردوو گروپی کورد و کلدوئاشووری، کۆبووەوە. سەرەتا سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاوارەکان ڕەخنەی لە هەردوو نوێنەرانی تورکمان و عەرەب گرت کە بەبێ هیچ هۆکارێک بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەم لیژنەیە ناکەن کە باس لە پرسی هەنووکەی کەرکووک ئەویش کێشەی ئاوارەکانە دەکەن. دواتر لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە خرایە ڕوو کە شوێنێکی دیکە (شوێنی سێیەمی پێ دەڵێن) بۆ گەڕاوەکان تەرخان بکرێت.
- مۆرکردنی ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی لە پیرمام، لەم ڕێکەوتننامەیەدا هەردوولا بڕیاریاندا لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی تردا بە لیستێکی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنی ئێڕاق و کوردستان بکەن و ئەو لیستەیەش پارتە ئیسلامییە کوردستانییەکانی تێدا نەبێت. هەروەها بڕیاری ئەوەشیاندا کە هەردوولا بەڕێژەی %50 بەشداریی پەڕڵەمانی کوردستان بکەن بەو مەرجەی پارتی بۆ هەبێت کورسییەکی بێلایەن لە پەڕڵەماندا دەستنیشان بکات. هەردوولاش لەم ڕێکەوتننامەیەدا ئەوەیان دڵنیا کردەوە کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و ناکرێت هەڵبژاردنی تێدا پیادە بکرێت تاوەکو عەرەبە هاوردەکان نەنێردرێنەوە و کوردە ئاوارەکانیش لە کەرکووکدا نیشتەجێ نەبنەوە.
- ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەوان لە شاری موسڵ پێنج لە بەرپرسانی کۆنگرا گەل - پکک یان کوشتووە. بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ڕۆژی 29-11 ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێک کرد کە ژماریەک کادیر و سەرکردەی ئەو حزبەی لەناودا بوو و لە ئاکامدا مەیسا باکی ئەندامی سەرکردایەتیی حزب و دوو ئافرەتی دیکە (کە هەرسێکیان کوردی باشوورن) و چەند کەسێکی دیکەش کوژراون، کە دووانیان کوردی خۆرهەڵات و یەکێکیان کوردی باکوورە.
- ڕێبوار ئەحمەدی سکرتێری حککع بۆ ڕۆژنامەی میدیای ئەمڕۆی ڕاگەیاند کە ئەو بەهیچ جۆرێک ئاڵای کوردستانی لا پیرۆز نییە و بە هێمایەکی کۆنەپەرستییانەی دەزانم.
- بەپێی کورتە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی میدیا لەدوای ڕووخانی بەعسەوە وانەی زمانی کوردی لە بەغدا و ناوچە عەرەبنشینەکانی ئێڕاقدا ناخوێندرێن. شایانی باسە لە کاتی بەعسدا لە هەفتەیەکدا 2 وانەی کوردی هەبوو و هەرچەندە گرنگییەکی ئەوتۆی نەبوو و تەنها بۆ ناو بوو و بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدەدرا.