لە ڕۆژگارێکی تەمومژاویدا، لە بن کەپری ئاسمانێکی قورماویدا دوو دڵی کەیلی ئەوین بوونە پەپوولە و باڵیان لە باڵی یەکتر دا و فڕین بەرەو ژیانێکی سەوز و ڕووناک.
حەوت ساڵان بە ئاسمانی ئاواتدا باڵیان لێدا و چاوەڕێی گڕوگاڵی کۆرپەیەک بوون تاکوو قریشکە و گڕوگاڵی لە ژووری ساردی دڵیاندا ببێتە زایەڵە و ڕۆحی کەسیرە بوویان گەرم کاتەوە.
بە شوێن ئەو ئاواتەدا گەلێک خولانەوە، دەرکی گەلێ چاک و پیریان کوتا و چلدانەیان گرتەوە و دەستەوداوێنی نووشتە و دووعا بوون تاکوو کەسێک پەیدا کەن و شانی وەبەر ئەو هەموو ئازار و خەمەی ڕۆژگار بدەن و تامی ژینی پێبچێژن و دوای گۆڕەشاری ڕەشی ژیان و کۆکردنەوەی ئازار و خەم شەربەتی تاڵ، یان شیرینی مەرگ بنۆشێ!
ڕۆژێک لەسەر چاکی (قلیچبابه) بە دڵێکی لە ئاونگی ئەوین و هیوا هەڵکشاوەوە جۆلانەیەکیان هەڵبەست و بەدیاریەوە چاوەڕوان دانیشتن، تاکوو دەمەو عەسر شنەبایەکی فێنکی هاوین پەپوولە پایزەیەکی هەڵگرت و دوای ئەوەی بەسەر دەستییەوە هەڵپەڕکێ و سەمایەکی زۆری پێکرد لەجۆلانەی نزیک کردەوە و لەنێویدا نواندی. شادی لە دڵی دایک و باوک گەڕا و _خورافاتە بۆر_ کاری خۆی کرد و بووە هۆی ئەوەی دوای ساڵێک ژانی چێژتن و هەڵمژینی هەوای ژیان زیڕە لە منی کۆرپە هەستێنێ و موچۆڕک و ختووکەی شادی و بەختەوەری لە دڵی دایک و باوکم بگێڕێ.
بەم جۆرە ڕۆژی دووەمی پووشپەڕی ساڵی 1349 (1970)لە ئاوایی گەردیگلان کە گوندێکە لەنێوان تورجان و بۆکاندا هەڵکەوتووە پێم نایە دنیا و ناوی (محەمەد ئەمین) بڕا بە سەرمدا. شۆرەتی ناسنامەییم حەسەنپوورە و کوڕی برایمی حاجی ڕەحیم مۆکەییم.
ساڵی 1355 هەر لە ئاوایی گەردیگلان ناردیانمە قوتابخانە و تا پۆلی چوارمی سەرەتاییم خوێند. ساڵی 1360 ماڵمان هاتە بۆکان و بەهۆی چوونە کوورەخانە و نەبوونی و دەستتەنگییەوە نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم و خەریک بوو ئەو تۆزە سەوادەش کە بووم و ئەلفبێم لێکجیا دەکردەوە لەبیرم بچێتەوە، کە مامۆستا هێمنی نەمر مۆمی گۆڤاری (سروە)ی هەڵکرد و توانیم بەهۆی سروەوە لەگەڵ کوردی ئاوێتە بم و خۆم ببینمەوە.
وردەوردە قۆڵم لە خوێندنەوە هەڵماڵی و ئەوی کتێبم دەست بکەوتایە بە کوردی و فارسییەوە هەمووم دەخوێندەوە و لە موتاڵاکردن ماندوو نەدەبووم.
ساڵی 1367یەکەم ترووسکەی شێعری لە مێشکمی دا و نووسیم و ئەو جورئەتەم بە خۆم دا و بۆ سروەم بەڕێ کرد. دوای ماوەیەکی کوورت نامەیەکم بۆ هاتەوە و تێیدا نووسرا بوو (لەچاو ئەوەی لە سەرەتای ڕێگەدای کێشی شێعرەکەشت قوورسە، تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووی). ئیتر لە خۆشیاندا پێم وەعەرز نەدەکەوت. ئیتر لەوە بە دواوە هەر خوێندمەوە و نووسیم و بەردەوام و عاشقانە ڕێگەم گرتە بەر.
تا ساڵی 1371 یەکەم شێعرم لە سروەدا بڵاوکرایەوە. وەختێ چاوم بە شێعرەکەم کەوت هەر ئەوە بوو لە خۆشیاندا شاگەشکە نەبووم. دەتوت حەوت مێشم لە کونێکا دیتۆتەوە.
لەو کاتەوە کەشکۆڵی شێعرم کردە شان و گۆچانی قەڵەمم دەست دایە و وەڕێ کەوتم و لە (محەمەد ئەمین حەسەنپوور)وە بووم بە (ئەمین گەردیگلانی) و لەنێو بۆتەی شێعردا ڕۆحم تواوە و دڵم بوو بە کانیی شێعر و خۆشەویستی مرۆڤ و نیشتمانە جوانەکەم.
ساڵی 1376 یەکەم کۆمەڵە شێعرم بە ناوی (تاپۆی وەرزێکی سەوز) بڵاوکرایەوە.
ئەمین گەردیگلانی
بۆکان28/5/1389 19-08-2010