ناو: حەمەد
ناوی باوک: ئیسماعیل ئەحمەد
حەمەد بەگی #مەخموور#ی- حەیرانبێژ
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (حەمەد ئیسماعیل ئەحمەد دێوانە) یە، ساڵی 1912 لە شارۆچکەی مەخمووری سەربە شاری #هەولێر# لەدایکبووە، لە عەشیرەتی (شێروانی) یە، ساڵی 1933 باوکی کۆچی دوایی دەکات لەلای برا گەورەکەی دەمێنێتەوە کە ناوی (خدر بەگی) دەبێت، ساڵی 1935 کۆچ دەکات بۆ گوندی (حاجی شێخان) لە ناوچەی کەندێناوە تا ساڵی 1937 لەوێ دەمێنێتەوە، دواتر بۆ شاری مەخموور دەگەڕێتەوە، ژیانی منداڵی وەکوو منداڵانی ئەو سەردەمە بە مەڕ و ماڵات بەخێوکردن و هەروەها کشتوکاڵ کردن بەسەر بردووە، لە دەوروبەری ساڵی 1929-1930 دەستی بە حەیران گوتن کردووە، ساڵی 1932 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (زەکیە) دەکات و شەش منداڵیان دەبێ چوار کوڕ و دوو کچ بەناوەکانی (قادر، حەمید، عوسمان، خالید، قەدریە، بەدریە) ، ساڵی 1944 کۆچ دەکات بۆ گوندی (چەغەمیرە) لە دەشتی کەندێناوە و لە ساڵی 1963 دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەخموور، حەمەد بەگی چەند کاسێتێکی لە چایخانەی (مەچکۆ) لە شاری هەولێر تۆمار کردووە، ساڵی 1954-1955 چەند کاسێتێکی تری لە چایخانەی (حەمەد ئاغا) لە شاری کەرکووک تۆمار کردووە، هەر لەو ساڵەدا لەلای (کانەبی حەوێز ئاغا) لە ناوچەی کەندێناوە دەبێتە سەرکار، حەمەد بەگی پیشەیەی حەیران لە باوکی بۆ ماوەتەوە واتا (ئیسماعیل ئەحمەد دێوانە) ی باوکی هەر حەیرانبێژ بووە، خوالێخۆشبوو هاوڕێیەتییەکی زۆر پتەوی هەبووە لەگەڵ هونەرمەندان (رەسوڵ گەردی- عوسمان حەیران- خدر حەیران- تاهیر تۆفیق) ، حەمەد بەگی کەسێکی دەم بە خەندە و ڕوو خۆش و نوکتەباز بووە، لە دیوەخانەکانی ئەو کاتە هەمیشە بە حەیران و چیرۆکی خۆش دیوەخانەکانی گەرم کردووە، شەیدای بەخێو کردنی مەڕو ماڵات بووە، لەگەڵ مام خدری گردگڕاوی لە چیای قەرەچۆغ و ماوەیەکیش لە حاجی شێخان شوان بوونە، نەیدەزانی توڕە بوون و تۆران چییە، زۆر دڵ ساف بووە لەبەر دڵ سافییەکەی خەڵک هەموو خۆشیان دەویست و ڕێزیان دەگرت، حەمەدی بەگی حەیرانبێژ حەیرانەکانی هەمووی (سەرچیایی) بوون، ئەوکاتەی حەمەد بەگی حەیرانی گوتووە لەسەر سێگردکان و بازاڕگە ئەوا لەناو مەخموور گوێیان لێبووە، حەمەد بەگی لە ڕۆژی #1976-7-21# دڵی لەلێدان دەکەوێت و بۆ دواجار چاوی لێک دەنێت و ماڵئاوایی لە کۆڕی حەیرانبێژی دەکات و لە گۆڕستانی (شێخ محەمەد) لە شارۆچکەی مەخموور بەخاک دەسپێردرێت.[1]