ناو: سەرهەنگ
ناوی باوک: محەمەد
نازناو: سەرهەنگ مەلا محەمەد
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی ( سەرهەنگ محەمەد عەزیز) ە، نازناوی هەڵبەستی (سەرهەنگ مەلا محەمەد) ە، بە بنەچە خەڵکی گوندی (#لاوەر#) ی کەندێناوەی بناری چیای #قەرەچوغ# ە، بەهۆی پەلاماری (حەرەس قەومی) لە ساڵی (1963) ەوە بۆ ماوەی (4) چوار ساڵان زیاتر داگیرکراوە، خێزانەکەی ئاوارەبوون بۆیە لە ساڵی (1968) لە گوندی (ئازیکەند ) ی دەشتی #قەراج# لە دایکبووە.
تاوەکوو پۆلی دووەمی ناوەندی خوێندووە، لە تەمەنی (16) ساڵییەوە هۆنراوەی هۆنیوەتەوە و هەڵبەستی نووسیووە،
هەڵبەستەکانی (نیشتمانی، ئایینیی، منداڵان، ئەڤینداری ، تەنز، پەندە هەڵبەست، فۆلکلۆری) ین.
زۆربەی دەقە هەڵبەستییەکانی لەلایەن حەیرانبێژان و هونەرمەندان کراون بە حەیران و بەستە و گۆرانی، هەڵبەستەکانی لە دوو دیواندا بە ناونیشانی (کانیاوی هەڵبەست) و (ڕەوەز ) لەسەر ئەرکی (هەژار نانەکەلی) بەچاپ گەیاندووە، دوو دیوانە هەڵبەستی تریشی ئامادەیە بۆ چاپ:
- یەکەمیان بە ناونیشانی (شۆوتۆ) لەدوو توێی (700) پەڕەی ئەی فۆڕە و پیتچنین و تایپ کراوە.
-دووەمیان بە ناونیشانی (چل بەستە) لەدوو توێی (450) پەڕەی ئەی فۆڕە و تایپ کراوە و ئامادەیە.
لە ساڵی (2013) دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی فۆلکلۆر دۆست (ناوەندی حەیرانبێژانی هەولێر) دادەمەزرێنن، لە یەکەم هەڵبژاردندا دەبێتە لێپرسراوی بەشی (پەیوەندی و ڕاگەیاندن) ، لە ساڵی (2014) دا دەچێتە جیهانی ڕاگەیاندنەوە و یەکەم کاری کارکردن بووە لە تەلەڤزیۆنی (منارە) لە شاری هەولێر وەکوو پێشکەشکاری بەرنامەیەکی فۆلکلۆری بەناوی (گۆلمێک لە ڕەوسەی ڕەسەن) کە حەرانبێژ (هێمن سارمەمی) ئامادەکاری بووە، بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام بووە له و بەرنامەیە و چەندین حەرانبێژ و لاوکبێژیان میوانداری کردووە بۆ بەرنامەکە.
دوای ئەوەی تەلەڤزیۆنی (ڕەسەن) دامەزرا لە ساڵی (2015) بەدواوە لە کەناڵەکەوە داوای لێکراوە پەیوەندی بکات به و کەناڵەوە، ئەویش دەچێتە ڕەسەن تی ڤی و بەرنامەکەی دەکاتە (ڕەوسەی ڕەسەن) و بۆ زیاتر لە (7) حەوت ساڵان ئەو بەرنامەیە بەڕێوەدەبات.
نزیکەی (350) هەڵبەستی جۆراوجۆری منداڵان و ئایینی و نیشتمانی و ئەڤینداری و شیوەنی خۆی بەدەنگ و ڕەنگ تۆمارکردووە بۆ سۆشیال میدیا و کەناڵەکان تۆمارکردووە، لە ساڵی (2018) ەوە سەرپەرشتی گرووپی (بەستەی کوردەواری) دەکات کە پێکهاتوون لە (جابر کەنداری حەیرانبێژ، عەدنان ساز سازلێدەر و تۆماری دەنگ، محەمەد تاڵەبانی باڵەبان، جەماهیر مەرزانی وێنەگر) بە تێکستی تازە و ئاواز و شێوازی جلوبەرگی وەکوو یەک زیاتر لە (40) بەستە و حەیرانیان تۆمارکردووه، له و گرووپە بەردەوامە و بەدەقە هەڵبەستی و ئاوازەکانی بەستەی نوێ لەگەڵ ئەو گرووپە بەکۆڕس تۆماردەکەن وەکوو بەبیرهێنانەوەیەک بۆ کاروپیشەی باوباپیران کەزۆربەی کارەکانیان بەهەرەوەز و زبارە و دەستبار بووە.
لە ئێستادا لە بەرنامەی ڕەوسەی ڕەسەن بەردەوامە و لە کەناڵی (کەلەپوور) کاردەکات.
ئامادەکردنی : #ئاراس ئیلنجاغی# [1]