بەگوێرەی ئامارێکی پۆلیسی پارێزگای #هەولێر#، لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 26 ئافرەت کوژراون و 19 پیاویش خۆیان کوشتووە. هاوکات 462 حاڵەتی لێدان و ئازاردانی ئافرەتانیش تۆمارکراوە.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: بەڕێوەبەری پۆلیسی جووڵانەوە و تاوانی هەولێر، عەقید عەبدولقادر محەمەد، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای خستنەڕوی پلانی ئەمنی بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان، ئاماری ڕووداوەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند.
عەقید عەبدولقادر ڕایگەیاند، لەشەش مانگی ڕابردودا 26 حاڵەتی کوشتنی ئافرەت تۆمارکراوە و ڕێژەی 87%ی بکوژەکانیش ئاشکرا بوون و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا کراوە. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە هەر لەو ماوەیەدا 52 ئافرەت خۆیان سووتاندووە کە 92%یان مردون و 32 کەسیش حوکمدراون، هەروەها 462 حاڵەتی لێدان و ئازاردانی ئافرەتانیش تۆمارکراوە.
عەقید عەبدولقادر وتیشی، لەو شەش مانگەدا جگە لەتۆمارکردنی 19حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان، 226 حاڵەتی دزیکردن تۆمارکراوە کە 69% ئاشکرا بوون و 389 حاڵەتی فێڵکردنیش هەبووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی جووڵانەوە و تاوانی هەولێر، لەبارەی پلانی ئەمنییەوە بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان، وتی، پلانەکە ڕۆژێک پێش جەژن دەستپێدەکات کە پۆلیس و ئاساییش و پۆلیسی هاتوچۆو زێرەڤانی بەشداری تێدا دەکەن و بێجگە لەپاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان لەناوەوە و دەرەوەی شار، هێزە هاوبەشە ئەمنییەکان بەسەر گۆڕستانەکانیشدا دابەش دەکرێن.
بە وتەی عەقید عەبدولقادر، پلانە ئەمنییەکە جگە لە هێزە ئەمنییەکانی تر، دو هەزار پۆلیس بەشداری تێدا دەکەن، بەردەوام دەبێت تا پشووی جەژن کۆتاییدێت و هەموو هەوڵێکیش دەخەنە گەڕ تا ڕێگری لەهەر کارێکی نایاسایی بکەن.
-04-08-2013