خەندان ڕەهێل سەمەد
ئەمڕۆ (5ی ئابی 2013) لە شاری هەولێر ئامادەکاریەکانی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان بۆ ڕۆژانی چەژنی ڕەمەزان خرایەروو، بەگوێرەی ئەو ئامادەکاریانە خاوەن چێشتخانە و میوانخانەکان ئاگادار کراونەتەوە کە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، هاوکات ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە دووەم ڕۆژی چەژن ئەستێرەکانی عەرەب ئایدل لە هەولێر دەبن.
لە و کۆنگرەیەدا هێرش محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان ڕاگەیاند: بۆ ڕۆژانی چەژن هەموو خاوەن هۆتێل و میوانخانەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەوەی خزمەتێکی باشی گەشتیاران بکەن و بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، هەروەک بۆ ڕۆژانی چەژن کۆمەڵەکەیان ژمارەیەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی گەشتیاران لە هەر شوێنێک دووچاری کێشە بوونەوە کۆمەڵەکەیان بە هانایەوە بچن.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان وتیشی: لە دووەمین ڕۆژی چەژندا بۆ یەکەمین جار بەرنامەی (عەرەب ئایدڵ) لە دوای کۆتایی هاتنی بەرنامەکانیان دێنە هەرێمی کوردستان و لە پارکی سامی عەبدلڕەحمان ئاهەنگێک ساز دەکەن و لەویش شاری هەولێر وەک پایتەختی گەشتیاری عەرەبی بۆ ساڵی 2014 ڕادەگەێنن.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا هێرش ئەحمەد، ئەوەی ڕاگەیاند: بەهۆی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و گرنگی پێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو سێکتەرە لە ئێستادا ژمارەی میوانخانە و چێشتخانە و کۆمەڵەکە گەشتیارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ڕاشیگەیاند: لە ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان تەنیا 106 هۆتێل هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2013 ژمارەکەی بووەتە 482 هۆتێل، هەروەک لە 49 مۆتێلەوە بووە بە 256 مۆتێل، 29 گوندی گەشتیاری بووە بە 66 گوند، 129 ڕێستۆرانت بووە بە هەزار و 520 ڕێستۆرانتی گەشتیاری، هەروەک لە ساڵی 2007 نزیکەی 10 هەزار و 451 قەرەوێڵە هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2013 بووە بە 34 هەزار و 493 قەرەوەێلە، هەروەک لە ئێستا زیاتر لە 18 هەزار ژوور هەیە لە میوانخانە و هۆتێلەکاندا.
سەبارەت بە ڕێژەیی گەشتیاران، ئەوە ڕوونکرایەوە: کە لە 30-06-2012 تا ڕێکەوتی 30-06-2013 ژمارەی گەشتیاران گەشتۆتە یەک ملیۆن 199 هەزار گەشتیار کە بەپێی ئامارەکە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم بە ڕێژەی 29% زیادیکردووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان هەر لەو کۆنگرەیەدا ڕێژەیی قازانجی میوانخانە و چێشتخانەکانی بۆ ساڵی 2012 خستەڕوو کە نزیکەی 650 ملیۆن دۆلار بووە، هەرچەندە پێشبینی دەکەین ئەو ڕێژەیە بۆ ساڵی 2015 بگاتە یەک ملیار و 500 هەزار دۆلار.
-05-08-2013