بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت کە مەفرەزەکانیان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا 13 هاوڵاتی سەرپێچیکاریان دەستگیر کردووە.
موقەدەم هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، بە خەندانی ڕاگەیاند،" مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەید سادق لە چەند دەرچونێکی مەیدانیاندا بۆ سنورەکەیان، توانیان حەوت هاوڵاتی سەرپێچیکار بەخۆیان و کەرەستەکانیانەوە دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوی ماسی بوون بە نایاسایی".
وتیشی: ئەو مەفرەزەیەمان دەستیشیان گرتووە بەسەر 90 کیلۆ ماسی ڕاوکراودا لەگەڵا تراکتۆرێک و ماتۆڕ سکیلێک و یەک مۆلیدەی کارەبا.
موقەدەم هێمن، ئاماژەی بەوەشدا، "لەلایەکی دیکەوە مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان لە چەند دەرچونێکی مەیدانیاندا توانیان 5 هاوڵاتی سەرپێچیکار دەستگیربکەن و دەستیش بگرن بەسەر کەرەستەکانیاندا، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی ئاژەڵا و باڵندەی کێوی بوون".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "لەلایەکی دیکەوە مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بیارە توانیان هاوڵاتیەکی سەرپێچیکار دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی ئاژەڵا و باڵندەی کێوی بوو، ئەمە جگەلەوەی دەستیشیانگرتووە بەسەر کەرەستەکانیدا".
رونیشیکردەوە: "سەرجەم سەرپێچیکارەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، بۆئەوەی سزای یاسایی بدرێن".
- 29-03-2014