مەریوان نەقشبەندی، شارەزا لەکاروباری گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەندانی ڕاگەیاند: "بە پێی تازەترین زانیاری و ئاماری نهێنی کوردەکانی ناو داعش لەتەنگژەیەکی ڕاستەقینەدان."
تەئکیدیش دەکاتەوە، دوای کوژرانی زیاتر لە 250 گەنجی هەرێمی کوردستان لەماوەی 16 مانگی ڕابردودا لەناو ڕیزەکانی ئه و ڕێکخراوە تیرۆریستییە، ئێستا کەمتر لە 100 گەنجی هەرێم لەناو ڕیزەکانی داعش ماون.
بەپێی زانیارییەکانی ئه و شارەزایە، هەر لەم ساڵدا زیاتر لە 100 چەکداری کوردی ناو داعش بەشێوازی جۆراوجۆر هەڵاتوون یاخود خۆیان حەشارداوه و بەدوای هەلێکدا دەگەرێن تا بەیەکجاری عیراق و ناوچەکە جێبهێڵن.
مەریوان نەقشبەندی، ئاماژە بەوەش دەدات، کە داعش بە شەهیدکردنی هیشام سورچی کە یەکێک بوو لە پێشمەرگە دیلەکان، لەسەر دەستی چەکدارێکی تیرۆریستی کوردی ڕێکخراوەکە، ویستی دوژمنایەتی لە نێوان هۆزو عەشیرەتەکانی کوردستان دروست بکات، بەڵام هەوڵەکەی شکستی خوارد.
ئەوەش دەخاتەڕوو، کە :" کاتێک ئەم پلانەشیان سەرینەگرت، مەلایەکی قەزەمی وەک (مەلا شوان)یان کردە ئەکتەرێکی تری شانۆگەریە ئیعلامیەکانیان و جارێک هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک دەکات و جارێکی تر پیشاندانی چەند دیمەنێکی پێشمەرگە دیلەکان لەناو قەفەسدا و گێڕانیان بەناو خەڵکی حەویجە و موقابەلەکردنیان لەلایەن مەلا قەزەمە کوردەکەی ناو داعشەوە".
لە دوا هەوڵیشیاندا، لەدیمەنێکی تری ڤیدیۆییدا مەلا شوان و چەند گەنجێکی کوردیان ناچا کرد بەجلی کوردیە چەند دیلێکی حەشدی شەعبی سەرببڕن "بەڵام ئەم پلانەشیان سەرکەوتوو نەبوو کاردانەوەی ئەوتۆی شیعەکانیشی لێنەکەوتەوە بۆیە ئێستا داعش و بەتایبەتیش کوردەکانی ناو داعش لەتەنگژەیەکی ڕاستەقینەدان".
- 15-04-2015