پەرلەمانی کوردستان باڵاترین دەسەلێتی یاسادانان و شەرعییەتی یاسایی لەهاوولێتیانی کوردستانەوە وەرگرتووە، بەهەمان شێوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان شەرعییەتی یاسایی لە ئەندامانی پەرلەمانەوە وەرگرتووە، لەم سۆنگەیەوە هەرکارێکی نەخوازراو بەرامبەر بەپەرلەمان و سەرۆکایەتییەکەی بکرێت بێ ڕێزییە بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان.
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دەناڵێنێت بەدەست ئەم هەموو قەیرانانەی کەلەدەرەنجامی ئەزموونی خراپی حوکمرانی دروست بووە، میللەتەکەمان چاوەڕوانی چارەسەرو بەووریاییەوە مامەڵەکردن دەکات.
زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ 12-10-2015 لەبازگەی پردێ ڕێگری لەبەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە دەگەڕِێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان کە بەڕێزییان سەرۆکییەتی.
کە ئەمە پێشێلکردنی یاساو هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییە، بۆیە زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە دەکەم و منیش دوای ئەوەی چوومە پەرلەمانی کوردستان و ئاگادارکرامەوە لەم کارە نەخوازراوە پەرلەمانم جێهێشت.
هیوادارم پارتی دیموکراتی کوردستان چاو بەو هەڵوێستەی بخشێنێتەوە چونکە بەدڵنیاییەوە نە خزمەت بەپارتی و نەخزمەت بەهاوولا تیان دەگەیێنێت بەڵکو لەسەر ئاستی نێوخۆو نێو دەوڵەتیشدا زۆر خراپ لەسەری دەکەوێت و ئەزموونەکەمان زیاتر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە
بۆیە پێویستە لەم کاتەدا بەگیانێکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەل و مەرجی ئێستای کوردستان بکرێت و پەرلەمان جێگای یەکلایی کردنەوەی ململانێکان بێت بەیاسا نەک بەبڕیاری حزبی هیوادارم کلتوری خراپی ڕۆژە ڕەشەکانی شەری ناوخۆ دووبارە نەکرێتەوەو گیانی پاوان خوازی و نادیدە گرتنی یەکتر بگۆڕدرێت بۆ خزمەت و دادپەروەری هەموومان پێکەوە شانبەشانی پێشمەرگە قارمانەکانی کوردستان پارێزگاری لەهەرێمەکەمان بکەین.
فەخرەدین قادر عارف
سکرتێری بەرلەمانی کوردستان
12-10-2015