سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی ئازادکردنی شاری موسڵ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بڵاوبوونەوەی لێدوانی جۆراوجۆر لە میدیاکان لەمبارەیەوە، بە گشت لایەک ڕادەگەیێنین کە:
یەکەم: شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەولەوییەتی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و لەم دووساڵەدا پێشمەرگە قارەمانانە ئەرکی خۆی بەجێ گەیاند و ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شکا.
دووەم: ڕزگارکردنی شاری موسڵ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان و ناوچەکە گرنگە و جێگەی بایەخە و، جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە دەرئەنجام و دەرهاوێشتە مرۆیی و سیاسییەکانی و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.
سێیەم: بەلای هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان و خەڵکی پارێزگای نەینەواوە، قۆناغی دوای ئازادکردنی موسڵ گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی بەسەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پارێزگای نەینەوا هاتووە و بۆ ئەوەی گرفتی تر سەرهەڵنەدات و دڵنیایی تەواو بدرێتە پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا و دانیشتوانی شاری موسڵ پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان لایەنەکان هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا.
چوارەم: لەبارەی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادکردنی موسڵ هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە دەبێت کە پێشتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بوونی هەبووە و هەروەها هەر ڕێککەوتنێک کە لە داهاتوودا لەنێوان ئەو سێ لایەنە دەبەسترێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کودستان
20-08-2016