رۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
راپۆرتی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەک مانگی ڕابردوودا دەخرێتەروو، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە کەمتر لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا 60 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.
دوێنێ، ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی یەک مانگی ڕابردووی ڕژێمی ئێرانی بڵاوکردەوە.
ئەو ناوەندە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە سێدارە، دەستگیری و لەناوبردنی ژینگە کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەداوە:" ئەم ڕاپۆرتە هەموو پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە هەندێک بواردا بەهۆی سنوورداربوونی زانیارییەکان و ئەمنی بوونی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری تەواو بەدەستی ئێمە نەگەیشتووە".
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە لەم مانگەدا ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووسی سنەیی بانگکراوە بۆ دادگا، هەروەها 12 هاوڵاتی شاری مهاباد لەسەر دۆسیەی ئۆتێل تارا و کوژرانی فەریناز خوسرەوانی سزای مادی دراون.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:"پێنج ژن بەناوەکانی ئەفسانە بایەزیدی، هاجەر پیری، سوهێلا مینایی، سودابە حەسەنخانی و فەریدە خوشناو سزای قورس دراون و دوورخراونەتەوە بۆ زیندانی کرمان کە هەزار و 500 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوورە، هەروەها دوو برا بەناوەکانی دیاکۆ و مستەفا شێخی لە بۆکان دەستگیرکراون و چالاکوانێکی سیاسی بەناوی کامەران دەروێشی لە دادگای ورمێ بە پێنج ساڵ زیندان سزادراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ناوی ئەو کەسانەی تێدایە، کە لە یەک مانگی ڕابردوودا لە سێدارەدراون یان کوژراون، لەم بەشەدا ئاماژەدراوە، کە تەنیا لە زیندانی قروە 47 کەس چاوەڕێی ئەنجامدرانی سزای سێدارەن، لەکۆتایی ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە کەمتر لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا 60 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2015دا 966 کەس لە ئێران لەسێدارەدران.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باسی لە کوژرانی کۆڵبەرەکان و ڕووداوەکانی سەرسنور کردووە، لەو بەشەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لە 25 ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە پارێزگای ئیلام 320 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی برینداربوون، سێ کۆڵبەر لە یەک مانگی ڕابردوودا کوژراون یان بەهۆی هەژارییەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، ژمارەیەکی زۆری دیکە لە هاوڵاتیان بەهۆی تەقینەوەی مین برینداربوون کە ژمارەیەکی بەرچاو لەوان منداڵبوون.
لە بەشی ژینگەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەدراوە، ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ لەم مانگەدا ڕاگیراوە و هەروەها بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاگردا سوتێندراون.
راپۆرتەکە هەروەها باسی لە نامەی زانیار و لوقمان مورادی، زیندانیانی سیاسی چاوەڕێی سزای سێدارە، بۆ عاسمە جەهانگیری، ڕێپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران کردووە، کە ماوەیەک پێش ئێستا بۆ زانیاریدان سەبارەت بە دۆخی سەختیان لە زینداندا نووسیبوویان.
22-11-2016