خۆشناو حسێن
بەپێی ڕاپرسی سەنتەرێکی تورکی ئەگەر لەئێستادا لەو وڵاتە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت هەدەپە زیاتر لە 11%ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، هەروەها لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا ئەردۆغان ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگەکانی لەدەست دەدات.
سەنتەری ئاڤراسیا بۆ ڕا و لێکۆڵینەوە، لەنێوان 9-17ی ئەم مانگە ڕاپرسییەکی ئەنجامداوەو ڕا و بۆچونی 4 هەزار و 240 کەسی لە 30 شار و 78 ناوچەی جیاوازەی تورکیاو باکوری کوردستان وەرگرتووە، لەبارەی کودەتای 15 تەمموزی ئەو وڵاتەو دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپەو چارەسەری پرسی کوردو ئەنجامی هەڵبژاردن.
ماڵپەڕی ت 24 تورکی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی بڵاوکردوەتەوە تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، ئەگەر لەئێستادا هەڵبژاردن لەتورکیا ئەنجامبدرێت، ئاکەپە لەسەدا 45.59 بە دەستدەهێنێت و جەهەپە لەسەدا 30.34 و مەهەپە لەسەدا 11.21 و هەدەپە لەسەدا 11.36ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، ئەمەش بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە.
هەروەها، ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجامبدرێت، بەپێی ڕاپرسییەکە ئەردۆغان لەسەدا 36.5 ڕێژەی دەنگەکانی دادەبەزێت، کە لە 10ی ئاب 2014 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا 52ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.
سەنتەری ئاڤراسیا بۆ ڕا و لێکۆڵینەوە، ناوەندێکی ڕاپرسییەو ساڵانە ڕاپرسی لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامدەدات و ئەنجامی ڕاپرسییەکانی نزیکبوون لە ڕاستییەوە.
هەر بەپێی ڕاپرسییەکە لەسەدا 56.2 وەزیران و پەرلەمانتارانی ئاکەپە سەر بە بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەنن.
دەسەڵاتدارانی تورکیا گولەن و بزوتنەوەکەی تۆمەتباردەکەن بەوەی لەپشت هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەموزی ئەو وڵاتەبوون، هەرچەندە خۆیان چەندینجار ئەوەیان ڕەتکردوەتەوە.
پرسیارێکی دیکەی ڕاپرسییەکە لەبارەی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە بووەو لەسەدا 45ی بەشداربووان دەستگیرکردنەکەیان بە ڕاست زانیوەو لەسەدا 35.7 بە هەڵەیان زانیوە.
هەدەپە کە گەورەترین پارتی کوردییە لەتورکیا، خاوەنی 59 کورسییە لەپەرلەمانی تورکیاو هاوسەرۆکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاریان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون و 54 پەرلەمانتاریشیان حەسانەی پەرلەمانتارییان لەسەر هەڵگیراوە، لەدوای ئەکەپەو جەهەپەوە سێ یەم گەورەترین حزبە.
هەروەها لەسەدا 74.4ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لەگەڵ ئەوەدابوون کە پرسی کورد بە ڕێگای سەربازی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆ چارسەر بکرێت.
لەبارەی پرسی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە سەدا 58ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە بە بەڵێ و لەسەدا 42 بە نەخێر وەڵامیانداوەتەوە.
- 26-11-2016