دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاشکرایدەکات، ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ 5 ملیار دۆلار کەمبۆتەوە.
عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەرمانگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانە بۆ 5 ملیار دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا لەگەڵ باشور و ناوەڕاستی عێراق بۆ 9 ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەگشتی لە 70% کەمی کردووە، هەروەها هاوردەکردن لە 28% کەمی کردووە و هاتنی گەشتیارانیش 39%، ئه و کەمکردنەش هۆکاری کێشەکانی دارایی و بوونی قەیرانەکان و شەڕی داعشە.
ئاکرەیی ڕوونیشیکردەوە، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە کەمی کردووە، هۆکاری سەرەکی ئەوەش بۆ شەڕی داعش و داخستنی ڕێگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و دروستبونی قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەشی بەوەکرد، کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی باشوری عێراق هۆکارێکن بۆ کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێم و ئێران کە کاریگەریی زۆری لەسەر هەرێم کردووە.
وتیشی لە هەرێمی کوردستان پێشوازی بۆ کۆمپانیاکانی ئێران بەراورد بە تورکیا زۆر کەمترە.
11-05-2017