دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە زیاتر لە 80%ی #موسڵ# و ناوچەکانی تری عێراق کە لەژێر دەستی #داعش#دا ڕزگارکراون وێران بووە، لەئێستاشدا ئەم ناوچانە چاوی کۆمپانیا گەورەکانی ناوخۆ و دەرەوەی لەسەرە بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوە، هاوکات بەهۆی پێشەنگی لە پیشەسازی و کەرەستە بیناسازییەکاندا چاوەڕواندەکرێت کارگە گەورەکانی #سلێمانی# پشکی شێریان بەربکەوێت.
چاوی کۆمپانیا بیانییەکانی لەسەرە
ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی لە زاری پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتییەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق پێشبینی دەکات بەهای ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و ناوچە ئازادکراوەکانی تر بگاتە 100 ملیار دۆلار.
زیاتر لە 80%ی موسڵ و ناوچەکانی تری عێراق بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە وێران بوون، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 10 ساڵی پێویست بێت بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەپێی وتەی دەباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستۆتەڕوو، بودجەیەکی سەرەتایی کە بریتییە لە 100 ملیار دینار دانراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سەرەتایی موسڵ لە ماوەی 6 مانگدا، بەڵام بۆ بونیادنانەوەی شارەکە چەندین ساڵی پێویستە.
سلێمانی پشکی شێری بەردەکەوێت
هاوکات پسپۆڕانی ئابوری ئاماژە بەوەدەکەن، چاوەڕوان دەکرێت سلێمانی پشکی شێری بەربکەوێت لە ساغکردنەوەی کەرەستە بیناسازییەکان، بەتایبەت چێمەنتۆ و ئاسن، بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ئه و ناوچانە کە بەهۆی جەنگەوە وێران بوون، ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ کوالێتی بەرزی کەرەستە بیناسازییەکان، بەوپێیەش دەتوانرێت ڕکابەری بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ بکات.
سلێمانی لە پیشەسازیدا یەکەمی عێراقە
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ باسی لەوەکرد لە 30%ی پڕۆژە پیشەسازییەکانی عێراق لەسلێمانییە، ئه و کەرەستە سەرەتاییانەی بیناسازی کە لە سلێمانی هەیە، لە هیچ پارێزگایەکی تردا نییە، بۆیە لەبواری پیشەسازی و بەرهەمی بیناسازیدا سلێمانی یەکەم و پێشەنگی عێراقە.
#کارگەی چیمەنتۆی گاسن#، باشترین چیمەنتۆ لە عێراقدا:
هەر سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کاریگەری لەسەر بەرهەمێهنان بەتایبەت لەبواری چیمەنتۆ و ئاسندا، وەرزێر محمەد بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان بۆ دواڕۆژ دەڵێت ئەگەر دەست بە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ بکرێت، هەموو بەرهەمێکی بیناسازی خواستی لەسەر دروست دەبێت، بەتایبەت زۆربوونی خواست لەسەر چیمەنتۆ.
بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی فاروق گروپ بۆ وەبەرهێنان، وتیشی بەردەوامبوون و کارپێکردنی یاسای پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان زۆر گرنگە، کە ڕێگری بکرێت لە هێنانی چیمەنتۆی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، چونکە ئه و کارگانەی ئێستا لە هەرێمدا هەن، دەتوانن پێویستی ناوخۆی عێراق دابین بکەن.
وەرێز محمەد ئاماژەی بەوەشکرد: وەکو کارگەی چیمەنتۆی گاسن بە تەواوی توانای کارگەکە کاردەکەین، چونکە خاوەنی باشترین جۆری چیمەنتۆین لە عێراقدا، لەژێر ناوی چیمەنتۆی بازیان بەرهەم دەهێنین.[1]
27-08-2017