دوای مانەوەیان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە سنووری پارێزگای #دهۆک#، ئەمڕۆ ژمارەیەکی دیکە لە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای #دیجلە# بە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی #زومار# شادبوونەوە.
هەرچەند ئاوارەکان شەکەتی بەرووخساریاندا دیارە، بەڵام دڵخۆشن کە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئاوارەکان دەڵێن حکوومەتی خۆجێیی دهۆک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێغی نەکرد لە پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتکردنیان.
هەروەها سوپاسی هاووڵاتییان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە وەک خاوەن ماڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئاوارەکان کردووە.
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە ڕۆژئاوای دیجلە، حەسەن خالۆ ئەندامی لێژنەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای دیجلە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانادۆڵو)ی تورکی گوتی ئەو خێزان و هاووڵاتییانەی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان ئەوانەن کە بە هیچ شێوەیەک تێوەنەگلاون لە کردەوە تیرۆریستییەکانی تیرۆریستانی داعش.
گوتیشی لێژنەکەمان تایبەتمەندە بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، ئەم لێژنەیە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئاوارەکان دروست کراوە، لێژنەکە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کارگێڕی و ئەمنی پێکهاتووە، لە کاروانی یەکەمی کارەکانمان هاووڵاتییانی پێنج گوند گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان و بە ماڵ و حاڵی خۆیان شادبوونەوە، کە زیاتر لە 383 خێزان پێک هاتبوون.
ئەو ئەندامەی لێژنەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەڵێ لە ڕووی کارگێڕییەوە بەڕێوەبەری شارەدێی زومار و ئەنجوومەنی شارەدێی زومار لە ڕۆژئاوای دیجلە هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆیان.
حەسەن خالۆ دەشڵێ کاروانی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکان پێکدێن لە 187 خێزان، کە بۆ گوندی خراپ عاشق گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان لە ڕۆژئاوای دیجلە کە هاووڵاتی عەرەبی ناوچەکەن، سێ ساڵ پێش ئێستا بەهۆی پەلاماری داعش ئاوارەی دهۆک و ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان بوون.
ئاماژەی بە ئاماری کۆتایی ئاوارە گەڕاوەکان دا و گوتی کۆی گشتی ئاوارە گەڕاوەکانی ڕۆژ ئاوای دیجلە نزیکەی هەزار خێزان دەبن.
ئەندامی لێژنەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای دیجلە ئاشکرای دەکات کە ئاوارەکان لەسەر خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، داوای سەرەکییان ئەوەیە بەشدار بن لە ڕیفراندۆم و دەیانەوێت لە ڕیفراندۆمدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەمەیش لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە لە پێناو ڕزگار کردنی ناوچەکە شەهید بوون و هەروەها لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی زۆریان کراوە.[1]
27-08-2017