کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
جەماوەری بەشەرەف و خۆراگری #کەرکووک#
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان000
لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووک و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مامی گەورەمان و پاراستنی خاک و ژیانی هاوڵاتیانی شارەکەمان و دورخستنەوەیان لە هەر مەترسیەکی نەخوازراو، هاوکات بەهەند وەرگرتنی ڕاو بۆچونی وڵاتانی ئیقلیمی و نەتەوەیەکگرتوەکان و ولاتە زلهێزەکان،پێمان باش بوو پڕۆسەی #ڕیفراندۆم# بۆ کاتێکی گونجاوتر دوابخرێت،کە زەمینەیەکی لەبار و دڵنیایی بۆ بڕەخسێنین تاوەکو ئاوات و دروشمی یەکێتیەکەمان بۆ مافی چارەی خۆ نوسین و سەربەخۆیی بەدەستبێنین.
بەڵام وادیارە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم سورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە لە تەواوی کوردستان بە کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکانەوە،ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین،وەک چۆن لەرابردوادا کە مێژوو شاهێدە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر لە دروست بونی مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە تا ئەمڕۆ بەشەڕی ڕوبەرووبونەوەی تیرۆرستانی داعشەوە ڕوبارێک خوێنمان لەپێناو ئەم خاکەدا بەخشیوە و یەکێتی خاوەنی زۆرترین ژمارەی شەهیدە و حزبی شەهیدانی کوردستانە،بۆیە هەرگیز سازشمان نەکردوە لەسەر خاک و پیرۆزیەکانی گەلەکەمان و بۆ ئایندەش بەهەمان گیان و سورتر و مگورتردەبین بۆ بەدیهاتنی خەونە وەدی نەهاتوەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەقامگیری ئاشتی و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکان.
جەماوەری خۆڕاگری کەرکووک... لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنین پابەند دەبین بەبڕیاری کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا،بۆیە داواکارین لەتەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووک و سەرجەم ناوچە جێ ناکۆکەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
مەڵبەندی 2ی ڕێکخستنی کەرکووک
24-09-2017