ڕۆژنیوز - #قەرەچوغ ئەنوەر#
بەپێی ئامارێکی تەندروست #هەولێر#، ساڵی ڕابردوو نزیکەی سێ هەزار تووشبووی نەخۆشی #شێرپەنجە# لەسنووری بەڕێوبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، بەو پێیەش هەولێر زۆرترین ڕێژەی تووشبووی لەخۆگرتووە.
ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی شێپەنجەدا، سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لە کۆنفرانسێکدا ئامار و هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە و چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەر لەو نەخۆشیەی خستەڕوو.
بەپێی ئامارەکەی تەندروستی هەولێر، لە ساڵی 2017دا لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو هەزار و 812 کەس بۆیەکەم جار وەک تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە 4. 52% یان ژن و 6. 47% یان پیاون.
بەپێی ئامارەکە، زۆرترین تووشبووی شێرپەنجە لە ساڵی ڕابردوودا لە سنووری هەولێر تۆمارکراون، چونکە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا چوار هەزارو 808 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە.
لە ئامارەکەدا، ئاماژە بە بڕی ئەو بوجەیە کرابوو، کە لە ساڵی ڕابردوو بۆ چارەسەرییەکانی نەخۆشی شێرپەنجە خەرج کراوە، کە بریتییبووە لە 35 ملیارد و 942 ملیۆن و 800 هەزار دینار و لەلایەن حکومەتی هەرێم و سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە دابینکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە زۆر ترین ئەو خزمەتگوازییانەی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە دابین دەکرێن لەلایەن نەخۆشخانەی نانەکەلییەوە بووە کە پرۆژەیەکی خێرخوازییە.
جێگای ئاماژەیە، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان بڕی یەک ترلیۆن و 16 ملیار دۆلار بۆ نەخۆشی شێرپەنجە خەرج دەکرێت.[1]
#04-02-2018#