بە بەشداری 15 هەزار بەشداربوو، کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ لە ڕووسیا دەستیپێکرد و چاوەڕێ دەکرێت لە دوووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە سەرۆکی فەرەنسا و ڕووسیا بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا بکەن. هەروەها بەپێی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕووسنەفتی ڕووسیا لە ساڵی 2019 بۆری گازی سرووشتی بەمەبەستی ناوخۆی کوردستان ئامادە دەبێت.
ساڵی ڕابردوو لە میانەی ئەو کۆڕبەندەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسیا گرێبەستێکی ستراتیژی وەبەرهێنانیان واژۆکرد. ئەو ڕێککەوتنە گشتگیرە بووە هۆکاری ئەوەی کە ڕووسیا بەچڕی بێتە ناو کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و هەر لە دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت، تاوەکو گواستنەوەو بەبازاڕکردنی ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت.
لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ لە 2017 دا، دوای کۆبوونەوەی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکرا.
رێککەوتنە گشتگیرەکەی ڕووسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند مانگ دواتر خۆی لە واژۆکردنی چەندین گرێبەست بینیەوە.
لە 18 ی 9 ی 2017 دا کۆمپانیای ڕووسنەفت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی واژۆکردووە بۆ دامەزراندنی بۆڕی گازی سرووشتی بەمەبەستی هەناردەکردنی بۆ تورکیا و ئەوروپا، ئەوە جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی کارەبا و بۆ کارگە پیشەسازییەکان.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی کۆمپانیای ڕووسنەفت، لە ساڵی 2019 بۆری گازی سرووشتی بەمەبەستی ناوخۆ ئامادە دەبێت و تاوەکو ساڵی 2020یش ئەو بەشەی کە بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتییە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێت.
لە 18-10-2017 دا کۆمپانیای ڕووسنەفت ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی واژۆکردووە بۆ پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی و گرێبەستەکانیش لە چەشنی هاوبەشکردنی بەرهەمن.
بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمپانیای ڕووسنەفت لە 19 ی 10 ی 2017 حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە ڕێککەوتن لەسەر وەبەرهێنانی کۆمپانیای ڕووسنەفت لە پڕۆژەی گواستنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کۆمپانیای ڕووسنەفت توانای هەناردەکردنی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان -جەیهان بەرزدەکاتەوە بۆ ڕۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل و سەدا 60 ی پشکەکانی ئەو بۆرییە دەکڕێت. هەروەها سەدا 40 یشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای کارگرووپ کە ئۆپەرەیتەری بۆڕی نەوتی کوردستانە.
ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕووسنەفت لەبارەی ئەو ڕێککەوتنە ڕایگەیاند، بەشداریی کۆمپانیاکەی لە ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی کە دەبێتە هۆکاری باشترکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕووسنەفت دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 2 ی ساڵی 2017، ئەو کات کۆمپانیای ڕووسنەفت ڕایگەیاند، بۆ ماوەی سێ ساڵ نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕێت بەمەبەستی بەکارهێنانی لە پاڵاوگەکانی لە ئەڵمانیا.[1]
#24-05-2018#