بەهۆی گرفتی بەبازاڕکردن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ماوەی دوو ساڵە بەرهەمی پەتاتە لە کوردستان لەپاشەکشێدایە، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 12% کەمی کردووە، ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێ 30% کەم بکات.
پەتاتە، بەهۆی ئەو بەها خۆراکییەی هەیەتی، بە یەکێک لە ناسراوترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێ، لەڕووی بەرهەمهێنان و بەکاربردنەوە لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی دێت.
چاندنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام لە 10 ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەتی بە چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە داوە، ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی بنەتۆی پەتاتە، هەروەها دانانی ڕەسمی گومرگی لەسەر بەرهەمی دەرەوە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ. بەو هۆیەشەوە بەرهەمی پەتاتە لەنێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2016 لە 12 هەزار تۆنەوە بۆ 243 هەزار تۆن زیاد بووە.
بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرفتی بەبازاڕکردن، ماوەی دوو ساڵە بەرهەمی پەتاتە لە پاشەکشەدایە. سەمیر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە سەرپەرشتی پرۆژەی گەشەپێدانی بەرهەمی پەتاتە دەکات، دەڵێت بەهۆی پاڵپشتییەکانی ئێمە هەر لە دابینکردنی پەیین، قرکەڕ، بنەتۆ و ڕێنمایی و سەرپەرشتی، لە 10ساڵی ڕابردوودا ڕووبەری چاندن و بەرهەمی پەتاتە زۆر زیادی کردووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرفتی بەبازاڕکردن، ساڵی ڕابردوو بەبەراورد بەساڵی پێشتر بەرهەمی پەتاتە بە ڕێژەی 12% کەمی کرد، ئەمساڵیش نەخۆشییەکە لەزۆر شوێن هەیە، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەمساڵیش بەرهەمی پەتاتە کەمبکات.
بەپێی داتاکان وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمساڵ مۆڵەتی هاوردەکردنی 13.892 تۆن بنەتۆی پەتاتەی بە کۆمپانیاکان داوە، جووتیارانیش نزیکەی 5 هەزار تۆن بنەتۆی خۆیان چاندووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش نزیکەی 19 هەزار تۆن پەتاتە چێندرابێت.
سەمیر ئیسماعیل، دەڵێت بەهۆی قەیرانی دارایی ئەمساڵ نەمانتوانی هیچ پاڵپشتییەکی بنەتۆی پەتاتە بکەین، بۆیە تەواوی تێچووی چاندن ئەمساڵ لەئەستۆی جووتیاران خۆیان بووە. بەبێ پاڵپشتییەکانی ئێمەش جووتیاران دەتوانن پەتاتە بچێن و قازانجیش بکەن، بەڵام گرفتی ساغکردنەوەی بەرهەمیان هەیە، چونکە وەرزی پێگەیشتنی پەتاتە لەکوردستان لە مانگە گەرمەکان دایە لەو کاتەش خواست لەسەر خواردنی پەتاتە کەمە، کۆگاشمان کەمە بۆ هەڵگرتنی بەرهەم، بۆیە بەهۆی زۆری بەرهەم و کەمی خواست نرخ دادەبەزێت، جووتیاران ناچارن نزیکەی 80%ی بەرهەمەکانیان هەناردەی شارەکانی عێراق بکەن لەوێش نرخی باشیان بۆ ناکات.
نزیکەی 675 جووتیار لەهەرێمی کوردستان ساڵانە دەیان هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە دەچێنن. عەلی قادر، جووتیارێکی هەولێرە و ساڵانە لە سنووری ناحیەی شەمامک 380 تۆن بنەتۆی پەتاتە لەسەر 430 دۆنم زەوی دەچێنێ، عەلی قادر، دەڵێت ماوەی دوو ساڵە بەهۆی هەندێ نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی زیندەوەری کۆلۆرادۆ بەرهەمی پەتاتە لەکوردستان بەگشتی باش نییە، ئەمساڵیش بەهۆی بەرزی و نزمی کەشوهەواوە نەخۆشییەکە زیاتر بووە، بۆیە ئەو بنەتۆیەی ساڵانی ڕابردوو هەرت ۆنێکی 15 تۆن پەتاتەم لێ هەڵدەگرتەوە، ئەمساڵ لەوانەیە هەر 7 بۆ 8 تۆن پەتاتەم لێی دەستکەوێت.
عەلی بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی بەنرخی باشتر بفرۆشێت کەمتر زیان بکات، داهێنانی لە هەڵگرتنی پەتاتە کردووە، لەجیاتی هەڵگرتنی پەتاتە لەکۆگاکان، لەژێر زەوی هەڵیدەگرێ.
عەلی قادر دەڵێ هەر کاتێک بزانم پەتاتە لەبازاڕ پارە ناکات، پەتاتەکانم لە شوێنی خۆیان لەژێر زەوی دەهێڵمەوە، بەڵام بۆ ئەوەی لەژێر زەوی نەرزێت، هەر سێ ڕۆژ جارێک دوو کاژێر ئاوی دەدەم و ڕۆژێک نا ڕۆژێکیش کاژێرێک ئاورشێنی دەکەم بەمشێوەیە زەوییەکە بۆ پەتاتەکە وەک کۆگای ساردکەرەوەی لێدێت و دەتوانم بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر زەوی بیهێڵمەوە بەبێ ئەوەی تێک بچێت.
بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە 6 کۆمپانیانی کەرتی تایبەت لە کوردستان، ساڵانە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ، پێداویستییەکانی چاندن و بنەتۆی باوەڕپێکراو هاوردە دەکەن.
کۆمپانیای کوردستان هۆلەند، بریکاری سەرەکی کۆمپانیای (HZPC)ی هۆڵەندییە لەهەرێمی کوردستان و عێراق، یەکێکە لەو کۆمپانیایانە ساڵانە برێکی زۆر بنەتۆی پەتاتە لەهۆڵەنداوە هاوردە دەکات و بە جووتیارانی دەفرۆشێت، بۆ وەرزی بەهارەی ئەمساڵ 10 هەزار تۆن بنەتۆی پەتاتە لە شەش جۆر هێناوە 7 هەزار تۆنی بۆ جووتیارانی کوردستان بووە، ئەوەی دیکەی بۆ جووتیاران بەغدا بووە.
سەعدی ئەسعەد، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کوردستان هۆڵەند، دەڵێت :بەپێی داتاکانی ئێمە ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 15 هەزار تۆن پەتاتەیان چاندووە، 10 هەزار بنەتۆی هاوردەبووە نزیکەی 5 هەزار تۆنیش بنەتۆی هەڵگیراوی خۆیان بووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیانێکی زۆر بەجووتیاران کەوتووە بۆ پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو بەرێژەی 30% کەم بکات.
سەعدی ئەسعەد ئاماژەی بە نەخۆشییەکە دا و گوتی :نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی فراوان لە هەموو ناوچەکان زیانی گەورەی بە کێڵگە و بەرهەمی جووتیاران گەیاندووە، بەڵام بەگوێرەی جۆری بنەتۆی پەتاتەکە کە کۆمپانیاکان هێناویانە زیانەکان دەگۆڕێ، کێڵگە هەیە 20%، کێڵگەش هەیە 50% زیانی بەرکەوتووە.. گوتیشی نەخۆشییەکە ساڵانی ڕابردووش هەبووە، بەڵام زیاتر لە جۆرە خراپەکانی پەتاتە دەدات بەدەرمان چارەسەر دەکرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە زۆربەی جۆرەکانی داوە زیانی لە جۆرە خراپەکانیش زیاتر بووە، بۆیە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستە ڕێگە بەکۆمپانیاکان نەدات ئەو جۆرە بنەتۆیانە بهێنن کە بەرگریان بۆ نەخۆشییەکان لاوازە.
بەپێی توێژینەوەکان کەشوهەوا و خاکی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی پەتاتە، دەتواندرێ لە هەردوو وەرزی بەهار و پایز بچێندرێ، بەڵام بەرهەمی پایزە زۆرباش نییە، بۆیە جووتیاران زۆرتر لە وەرزی بەهار پەتاتە دەچێنن.
سەعدی ئەسعەد، گوتی بۆ ئەوەی جووتیارانمان زەرەر نەکەن و نرخی پەتاتە لە بازاڕ هاوسەنگ بکەین، ئەمساڵ بڕیارمانداوە 20 هەزار تۆن پەتاتە لەو جووتیاران بکڕینەوە کە بنەتۆیان لە ئێمە کڕیوە، یەک تۆن پەتاتەی نمرە یەک بە 275 هەزار و نمرە دوو بە 250 هەزار دەکڕینەوە.[1]
#14-06-2018#