دواڕۆژ، #هانا چۆمانی#
بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پەرلەمان، ڕایدەگەیەنێت بە ڕاپۆرتی شیکاری سەرجەم خەرجی و موڵکایەتی پەرلەمانی کوردستانمان دەرخستووە، جگە لەوەی ژمارەیەک شوق و ڤێلا بەخشراون و هۆکارەکەی و خەرجی مانگانەی پەرلەمانی کوردستانیش چەسپاو نییە و گۆرانکاری بەسەردا دێت.
مەدینە ئەیووب، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پەرلەمان، لە پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دوای ئەوەی بەتەواوی ڕاپۆرتی (شیکاریی لەکاری ئیداری و کارگێڕی لە پەرلەمانی کوردستان)م ئامادەکرد، سەرجەم خەرجی و داهاتەکانی پەرلەمان و موڵکداری پەرلەمان و فەرمانبەرانمان دیاریکرد بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت، دەبێت پەرلەمان سەرەتا خۆیی چاکسازی بکات، ئەوکات بەرامبەر بە حکومەت بوەستێت.
مەدینە لەبارەی ڕاپۆرتەکەیەوە دەڵێت ڕاپۆرتەکەی من 43 لاپەرەیە و دواتر دەبێتە پرۆژە و هەفتەی داهاتوو لیژنەی بۆ پێکدێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوون ئەو موڵک و سەرچاوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات و ئیدارەکەی ڕێکبخرێتەوە چونکە بەهەدەردانی زۆر هەیە و ناکرێت پەرلەمان داوای چاکسازیی بکات و خۆشی گەندەڵی هەبێت.
بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پەرلەمان دەڵێت زۆر شتی نامۆ هەیە لە پەلەرمانی کوردستان بۆ نمونە 111 پەرلەمانتار هەیە، بەڵام 123 شوقە و ڤێلا هەیە، ئەوە بۆچی ئەگەر دوو دانەش زیاد بێت کێشە نیە، بەڵام ئێستا 12 شوقە و ڤێلا زیاد بەجۆرێک لە 56 شوقەی لە ناز سیتی هەیە و 61 ڤێلای لە گوندی ئیتاڵی هەیە، 6 ڤێلای گەورەش، کە ئەوە زیادەن دەبێت تەنیا 111 یانزە یان 112 هەبێت.
هەروەها مەدینە ئاشکرای دەکات، ئێستا پەرلەمانی کوردستان 652 فەرمانبەری هەیە کە ڕێژەیەکی زۆر زۆرە و لەوانەش 617 هەمیشەین و ئەوانی تریش گرێبەستن.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پەرلەمانی کوردستان 126 ئۆتۆمبێلی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە (تۆیۆتا لاندەکرۆزەر و لگسس و ماسیدس و تۆیۆتا و مینی پاس و پاس و ئۆتۆمبێلی کەلوپەل گواستنەوە و ئۆتۆمبێلەکانی پرۆتۆکۆڵ.
مەدینە لە ڕاپۆرتەکەی ئەوەی خستوەتەڕوو لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، نزیکەی 33 ملیا دینار وەک قەرز دراوەتە کارمەند و فەرمانبەرانی پەرلەمان وەک پێشینە و تەنیا 3 ملیاری گەڕاوەتەوە و 30 ملیاری هێشتا لای فەرمانبەرو کارمەندانە.[1]
#20-07-2018#