بەهۆی بونی 27 کارگەی جۆراو جۆر لەسەر ڕووباری سیروان و تێکەڵبوونی پاشەڕۆی چەندین پاڵاوگەی نەوت و پاشەڕۆی ناوچەکانی نیشتەجێبوون بە ڕووبارەکە، لە ئێستادا خواردنەوەی ئاوی ڕووباری سیروان مەترسیدارە و ئەگەر هەیە لە داهاتووشدا بۆ کشتوکاڵ-یش بەکار نەیەت.
سیروان پێنجەمین پڕئاوترین ڕوبارە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەڕژێتە باشوری کوردستان، هەروەها یەکێکە لەمەزنترین ڕوبارەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی سەرەکی ئاوە بۆ دەریاچەی #دەربەندیخان#، لەبەر ئەوەی نزیکەی 64% ئاوی ئەم دەریاچەیه، ڕووباری سیروانە.
نزیکەی 27 کارگە لەسەر ڕووباری سیروان هەیە، پاشەڕۆی ئه و کارگانەی لەسەر ڕووباری سیروان داندراون لەگەڵ پاشەڕۆی ئەو ناوچە نیشتەجێبوونانەی نزیک ڕووبارەکەن، تێکەڵ بە ئاوی ڕووبارەکە دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵانە 10 هەزار تەن مادەی کیماوی و پەینی ئەندامی و نائەندامی بڕژێتە ناو ڕووباری سیروانەوە.
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت، پسپۆری بواری ژینگە و مامۆستا لەزانکۆی #گەرمیان#، لەبارەی پیسبوونی ئاوی ڕووباری سیروان و مەترسییەکانی بە ڕۆژنیوزی وت: ڕووباری سیروان ئیستا بووەتە سەرچاوەیەک بۆکۆکردنەوەی هەموو پاشەڕۆکان، مادە قورسەکان واتە هیزە میتاڵییەکان وەک ئاسن و ئەلەمنیوم و مس کۆبووەتەوه لەناویدا، ئەگەر هاوڵاتی بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ بیخوات، لەجەستەیدا کۆدەبێتەوە و دواتر دوورنییە توشی نەخۆشی شیرپەنجەکەی بکات، ڕاستە پاڵاوتن بۆ ئه و ئاوە دەکرێت بەڵام تاچەند زانستیە ئەوە دیار نییە.
هەروها ناوبراو تیشکی خستە سەر زیانەکانی دیکەی پیسبوونی ئاوی سیروان و وتی: هۆکارەکانی پیسبونی ئاوەکە لەزیاد بووندایە و کوالێتی ئاوەکە تیکچووە، ئەگەری هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەکەڵکی کشتوکاڵیش نەیەت، چونکە ئاو کاتێک بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت، پێویستە چەند مەرجێکی تێدابێت، دەبێت هیچ مادەیەکی ژەهراوی تێدا نەبێت وەک مەگنیسیۆم، بەڵام ئاو سیروان، بەهۆی ئه و پاشەڕۆیانەی دەچێتە ڕووبارەکە، مەترسی ئەوەی لەسەر هەیە لەساڵانی داهاتوودا بەکەڵکی کشتوکاڵ نەیەت، چونکە دەیان جۆر بەکتریای مەترسیدار لەناو ئه و پاشەڕویانەدا هەیە.
سەروەر قەرەداغی، چالاکوانی بواری ژینگە و دانیشتوی شارۆچکەی دەربەندیخان بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئاوی شارۆچکەی دەربەندیخان، لە ئێستادا جگە لەوەی بۆنی دێت، تام و ڕەنگیشی گۆڕاوە، هۆکارەکەشی بەپلەی یەک دەگەڕیتەوە بۆ بوونی ئه و هەموو پاڵاوگه و کارگانەی لە تانجەرۆ هەن و پاشەڕۆکەیان دێتە ناو ئاوی سیروان.
سەروەر قەرەداغی وتیشی: ئاوەڕۆی شاری #سلێمانی# و #هەڵەبجە# و شارۆچکەی هەڵەبجەی تازە و نەخۆشخانەکانی سلێمانی، دێتە ناو ئاوی سیروانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرگەڕانی ئه و هەموو تانکەرە نەوتانەی لەسنوری دەربەندیخان وەردەگەڕێن وبارەکەیان دەڕژێتە نێو ڕوبارەکە و ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ئاوی دەربەندیخان پیس ببێت.
هەرچەند شارەزایان باس لە پیسبوونی ئاوی سیروان و دەریاچەی دەربەندیخان دەکەن، بە شێوەیەکی زانیستی، زۆرینەی هاوڵاتیانی شارۆچکەی دەربەندیخان-یش هەست بە گۆڕانی بۆنی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان دەکەن و دەڵێن، کە بۆنێکی پیس لە ئاوەکە دێت، بەڵام نەبۆنی ئاوەکە و نە وتەی زانستی شارەزایان سەرنجی لایەنە پەیوەندی دارەکانی ڕانەکێشاوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ڕێگری لە پیسبوونی زیاتری ئاوی دەربەندیخان بکرێت.[1]
#25-11-2018#