ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
ژینی بەفیڕۆ
کە من ژینم بەفیڕۆ چوو ئیتر ڕۆڕۆ نەکەم چ بکەم؟
بەیانیی حاڵی شێواوم ئەگەر بۆ تۆ نەکەم چ بکەم؟
لە گەنجی تا بەپیریی هەر خەریکی ئارەزووی نەفسم
ئەگەر داوای دەوای نەفسم لەخزمەت تۆ نەکەم چ بکەم؟
وەکو کۆکەن لەتاقی بێستوونی نامورادییدا
سەری مەینەت وەسەر بەرد و وەسەر ئەژێۆ نەکەم چ بکەم؟
ئەوەی شەرتی جنوون و دەرسی سەودا بوو ئەمن کردم
کە من دادم نەگا پێت ڕوو لە دەشت و کۆ نەکەم چ بکەم؟
ئەگەر پەروانە بۆ شەم خۆی ئەسروتێنێ پەڕ و باڵی
بە شەمعی ڕووت لە کوورەی دڵ ئەمن بۆسۆ نەکەم چ بکەم؟
لە گوڵزاری گوڵی ڕووت من کە بێبەش بووم هەتا ئێستا
بەیادی بۆنی تۆوە دەس لە مل شەوبۆ ئەکەم چ بکەم؟
کە من پیرێکی پەککەوتەم، ئەتۆش پیرێکی ڕەوشەن دڵ
دڵەی وێرانەکەم قوربانی چاوی تۆ نەکەم چ بکەم؟
کە من ئێستا بە زامی بێ دەوای دڵ هەر ئەناڵێنم
ئیتر خۆم و دڵم قوریان نیساری تۆ نەکەم چ بکەم؟
لە خەڵوتخانەکەی وەسڵت (فەنایی) گەر نەبێ ڕێگەی
قەناعەت گەر بە بۆنێکی نەسیمی تۆ نەکەم چ بکەم؟ [1]