ئەمڕۆ لە شاری #دەربەندیخان# ئەنجامی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ نەشتەرگەریی بۆ قاچەکانی هاوکار فاتح ڕاگەیێندرا، کە زیاتر لە 100 هەزار دۆلارە.
مەلا عەباس ساڵح، یەکێک سەرپەرشتیارانی کەمپەینی گەڕاندنەوەی هێز بۆ قاچەکانی هاوکار بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بڕی ئەو پارەیەیان ئاشکراکرد کە لە کەمپەینەکەدا کۆکراوەتەوە و بریتییە لە 100 هەزار و 200 دۆلار (10 دەفتەر و 200 دۆلار).
پێشتر کەمپەینەکە ڕایگەیاندبوو، بۆ چارەسەری قاچەکانی هاوکار فاتح پێویستییان بە نزیکەی 120 هەزار دۆلارە، بەو پێیەش هێشتا نزیکەی 20 هەزار دۆلاری دیکەی پێویستە (دوو دەفتەر دۆلار).
مەلا عەباس ساڵح دەڵێت، هەرچەندە ئەوان کۆتایی کەمپەینەکەیان ڕاگەیاندووە بەڵام هێشتا خەڵک دەتوانن هاوکاریی بۆ ئەو گەنجە بنێرن.
هاوکار فاتح دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە، سێ ساڵ پێش ئێستا لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا قاچەکانی لەدەستدا. مانگی ڕابردوو برایەکی دیکەی لەڕێگەی چوون بۆ ئەوروپا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو، لە ئەنجامدا گیانیلەدەستدا، ئەوەش وایکرد خەڵکی شارەکە کەمپەینێک بۆ چارەسەری قاچەکانی هاوکار ڕابگەیێنن.
بەرنامەی بەرپرسیاری تەلەڤزیۆنی ڕووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشیدەکات و سیداد لەشکری پرۆدیوسەریێتی، ڕۆژی 22-11-2018 بەرنامەیەکی تەرخانکرد بە کەمپەینەکە و پەیامی هاوکار فاتح و سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکەی بە خەڵکی کوردستان و دەرەوەش گەیاند.[1]
#04-12-2018#