دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی #وەزارەتی کشتوکاڵ# و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکرایدەکات: پێداویستی ناوخۆ بۆ گەنم نزیکەی 550 هەزار تەنە، لە کاتێکدا هەرێم توانای بەرهەمهێنانی 900 هەزار تەنی هەیە.
غازی فایق، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوەکالەت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەرهەمهێنانی ئەمساڵی گەنم لە هەرێمی کوردستان لە پێویستی دانیشتوانی هەرێم زیاترە و پارساڵ بەرهەمهێنانی گەنم گەیشتووەتە نزیکەی 900 هەزار تەن، لە کاتێکدا پێداویستی ناوخۆ بۆ گەنم نزیکەی 550 هەزار تەنه.
ئەوەشی خستەڕوو: گەنم یەکێکە له و بەرهەمە سەرەکیانەی کە دەتوانرێت هەناردەی دەرەوە بکرێت و لە سەوزەواتیش تەماتە، خیار، پەتاتە بەتایبەتی لە وەرزی بەرهەمهێنان پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە و دەتوانرێت بڕە زیادەکەیان هەناردەبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: سەرقاڵبونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بە کەرتی کشتوکاڵ و لەگەڵ بوونی چەندین کۆمپانیای تایبەت بە کشتوکاڵ هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵین و ساڵانەش جوتیاری نموونەیی دەستنیشان دەکات کە ڕۆڵێکی سەرەکیان لە زیادکردنی بەرهەمی ڕووەکی یان ئاژەڵی هەیە.
غازی فایق، ڕوونیشیکردەوە: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ چەندین لایەنی حکومی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ هەماهەنگی هەبووە، لەوانە لە ڕووی بنیاتنانی تواناکانی فەرمانبەران وەک یارمەتیدانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا وپێنج زانکۆی ئەم وڵاته بۆ پێشخستنی توانای فەرمانبەرانی ڕێنمایی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان.
وتیشی: ماستەرپلانی شارەکان و زێدەڕۆیی بۆ سەر زەوی کشتوکاڵی به یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ دەزانێت و دەڵیت هەر دوو بوار کاریگەری نەرێنیان بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ هەبووە و بەهۆیەوە ڕووبەری زەویی کشتوکاڵی کەم بووەتەوە.
پێداچوونەوە: سیروان محەمەد[1]
#20-12-2018#