ساڵی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، هەزار و 945 داری سروشتی سوتاون، 33 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ و هەشت کەسیش بەهۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەریەک لە ئادەم جەبار، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی دارستان و ژینگە، حسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانی، خۆشناو حەسەن وتەبێژی هاتووچۆی ڕاپەرین ئاماری ساڵی ڕابردوویان ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ئامارەکەی، بەڕێوبەرایەتیی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، ساڵی ڕابردوو 98 کەس بە تۆمەتی ڕاوی ماسی، 21 کەسیش بە تۆمەتی ڕاوکردنی باڵندە و یەک تۆمەتباری ئاژەڵی کێوی و دەستگیرکراون.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، 21 کەس بە تۆمەتی زێدەڕۆیی و بیرهەڵکەندن و نۆ کەس-یش بە تۆمەتی داربڕین و خەڵوزکردن، دەستگیرکراون.
هەروەها، 17305 دۆنم پوش و پاوان سوتاون و هەزار و 945 داری سروشتی سوتاون و 50 داری چێندراو بڕدراون و 134 داری دیکەش زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانییش، 264 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەزاندراو، 98 بەهۆی شۆرتی کارەبا، 50 ڕووداوی بە ئەنقەست و کەمتەرخەم، 26 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی غازەوە و 88 ئاگرکەوتنەوەی دیکە بە ڕووداوی جۆراوجۆر تۆمار کراون.
دەربارەی زیانە ماددیەکانی ڕووداوەکانی سنورەکە، ئامارەکە ئاشکرایکرد، کە زیانەکانی ئاگر کەوتنەوەکان 110 ملیۆن و 668 هەزار دینار بووە و زیانەکانی لافاویش دوو ملیارد و 464 ملیۆن و حەوت هەزار دینار بووە.
هەروەها، هەر لەو ساڵەدا شەش کەس بە ڕووداوی خنکان گیانیان لەدەستداوە، کە ئەمە بەبەراورد بە ساڵی 2017 کەمیکردووە و لەو ساڵەدا 16 حاڵەتی خکان هەبووە.
10 حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان هەبووە، کە هەشتیان بەهۆی سوتانەوە بووە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕیوبەرایەتیی هاتووچۆی ڕاپەڕین-یش، ساڵی ڕابردوو، 246ڕووداوی هاتووچۆ هەبووە، کە 64ڕووداو لەناو شاردا ڕوویان داوە و 182ڕووداویش لە دەرەوەی شار بوون.
هەر بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، ساڵی ڕابردوو 33 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 345ی دیکەش برینداربوون.[1]
#07-01-2019#