دلێر ئیبراهیم - #هەولێر#
بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی بواری زمان و کەسانی ئەکادیمی و قوتابی و مامۆستایان و توێژەران، لە سیمنارێکدا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەددین، لەلایەن توێژەر (#سۆران تاودەر#) باس لە ستانداردکردنی کیبۆردی یۆنیکۆد بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی کوردانی جیهان کرا، تا بە سیستمێکی جیهانی کار لەسەر بەهێزکردنی زمانی تەکنەلۆژیا بکرێت، کە ئێستا بە پەرتەوازەیی کار بە چەند کیبۆردێکی ناستاندارد دەکرێت، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ڕۆل و پێگەی زمانی کوردی لەسەر ئاستی جیهاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم.
سەرەتای ئەو هەوڵە پیرۆزەی توێژەر (سۆران عەبدولرەحمان تاودەر) بۆ بە ستانداردکردنی کیبۆردی کوردی بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆیە بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر بەپێویستیانزانی سیمینارێک بۆ ئەم مەبەستە ڕێکبخەن.
لە سیمینارەکەدا دوابەدوای پێشکەشکردنی پوختەیەک لەسەر گرنگیی سەرهەڵدان و دروستکردنی سیستمی یونیکۆد, کۆڕگێڕ تیشکی خستە سەر قۆناغە مێژووییەکانی دروستبوونی ئەم سیستەمە لەسەر ئاستی جیهان و ئاماژەی بۆ گرنگی بەشداریپێکردنی پیت و ژمارەکانی زمانی کوردی لەو سیستەمەدا کرد.
ئامادەبووان بە چەندین پرسیار و بۆچوون و ڕاسپاردەی جیاجیا بابەتەکەیان دەوڵەمەند کرد. دوای تەواو بوونی سیمینارەکەش لەلایەن د. گۆران سۆران فەیزی سەرۆکی بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی #زانکۆی سەڵاحەدین#، چەپکە گوڵی ڕێزلێنان پێشکەش بە توێژەر کرا.
بڕیاریش وایە بۆ درێژەدان بەم پرۆژەیەی توێژەر (سۆران تاودەر)، سیمینارێکی تر لەسەر هەمان بابەت لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سەلاحەددین و دواتريش لە زانکۆی کۆیە سيمينارێکی تر پێشکەش بکات.
#18-02-2020#