بە بۆنەی یادی 122 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی و دەرچونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەکەین، هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشوەچونیان بۆ دەخوازین لە کاری ڕۆژنامەوانیاندا.
ئەمڕۆ 122 ساڵ بەسەر دەرچونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) تێدەپەڕێت کە لە وڵاتی میسر دەرچووە، ئەوە ڕونە لەبەر دۆخی سیاسی ئەوکات نەتوانراوە لە وڵاتی خۆمان ڕۆژنامەکە دەربکرێت بۆیە لە دەرەوە چاپکراوە. ئەمەش پێمان دەڵێت ئێمەی کورد هەردەم لە بارودۆخی ناهەمواردا بووین و خاوەنی مێژویەکین پڕ پڕە لە هەوراز و نشێو، بۆیە کاری ڕۆژنامەنوسیش بە دور نەبووە لە سەختی و ناجێگیری، ئەگەر چاوێک بە مێژوی ڕۆژنامەگەریی کوردیشدا بخشێنین دەبینین ڕۆژنامەکان لە ئەشکەوت و شاخەکانی کوردستانەوە دەرچوون و پەیامی نەتەویی و کوردانەیان بڵاوکردوەتەوە.
میدیا و ڕۆژنامەوانی پیشەیەکی گرنگ و پیرۆزە، پێبەخشینی دەسەڵاتی چوارەمیش بەم پیشە، ئەوپەڕی بایەخپێدانیەتی، لە هەر شوێنێکی دونیا ڕۆژنامەوانی پێشکەوتوو بوو ئەوا بێگومان لەو جێیە ئازادی و دیموکراسی گەشەی سەندووە و وڵات لە ئاستێکی باڵای پێشکەوتندایە، هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی لە وڵاتەکەماندا هەموان بێ دودڵی ژینگەیەکی تەواو ئازادانە و دیموکراسیانە بۆ ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران فەراهم بکەین کە بتوانن کارەکانیان بە بێ کێشە و لەمپەر ئەنجام بدەن.
دیارە ڕۆژنامەگەری لە کوردستاندا لە ئاستێکی باشدایە، هەنگاوی باشی بەرەو پێشکەوتن بڕیوە، ئەگەرچی هێشتا کێشە و گرفت لەبەردەم کاری ڕۆژنامەگەرییە بەڵام ئەوەی هەیە لە ڕووی ئازادی کاری ڕاگەیاندن و دەرچواندنی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و مافی بەدەستهێنانی زانیاری جێگەی دڵخۆشیە و هیوادارین ڕوبەرێکی فراوانتری ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری بۆ ڕۆژنامەوانان فەراهم بکرێت و بتوانن پرۆفیشناڵانە و ئازادانە کاری خۆیان بکەن.
کاری ڕۆژنامەنوسی زیاتر لە هەر پیشەیەکی تر تەواو بەرپرسیاریەتیە، هیوادارین ڕۆژنامەنوسانی وڵاتەکەمان هەمیشە ئەوەیان لەبیر بێت و لە ڕوماڵەکانیان و کاری ڕۆژانەیان تەواو پرۆفیشناڵانە کار بکەن و بە دور بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامانەی زیاتر بارودۆخەکە دەشێوێنێ، بەتایبەت لە ئێستادا کە وڵاتەکەمان بە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئابوری تێدەپەڕێت و هێشتا لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆریستان و #داعش#داین و مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرمانە، بۆیە دەبێت ڕۆژنامەنوسان زیاتر بە دیقەت بن و برەو بدەن بە پەیامی ئاشتیانە و پێکەوە ژیان.
دوبارە پیرۆزباییمان بۆ ڕۆژنامەنوسان کورد و کوردستان، بەتایبەت بۆ ڕۆژنامەنوسان و میدیاکارانی #گەرمیان# بەبۆنەی یادی 122 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، هەمیشە سەرفراز و سەرکەوتوو بن.
#سەڵاح کوێخا#
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
#22-04-2020#