ئەمساڵ ڕووبەری 500 دۆنم زەوی لە دەشتی #هەریر# و #باتاس# بە برنجی کوردی داچێنراوە. 400 جووتیار خەریکی بەرهەمهێنانی برنجن، هۆکاری زۆربوونی داچاندنی برنجی ناوچەکە بۆ زۆربوونی سەرچاوەی ئاو و زوو ساخبوونەوەی برنجەکەیە.
وەرزی داچاندنی برنج لە دەشتی هەریر دەستی پێکرد. کارێکی پڕ زەحمەتە، بەڵام پڕ داهات کە وایکردووە ژمارەی جووتیارانی برنجی هەریر و باتاس لە 100 بۆ 400 بەرز ببێتەوە.
جووتیارەکان باکارەکەشیان لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان بێت، بەڵام برنج خۆراکێکی سەرەکیی ڕۆژانەیە و نایابیش بەرهەم دێنن، برنجێک لە کڕینیدا دوودڵ نییت کە چۆن و لە کوێ بەرهەم هێنراوە.
کارزان سەباح، جووتیارە و دەڵێت، هەر دوو دۆنم بە نزیکەیی 200 تەنەکە برنجی لێ بەرهەم دێت. ئەوەیش زۆر باشە و نرخەکەیشی باشە. کڕیار لە #سلێمانی# و #دهۆک#ەوە بۆی دێن. نرخی تەنەکەیەک 50 بۆ 55 هەزار دینارە و سەدریەکەشی تا 70 هەزار دینار دەچێت، بەڵام کڕیاری کوردییەکە زیاترە.
هەریر و باتاس بە برنجی باش بەنێوبانگن، لە کۆی 100 هەزار و 376 دۆنم زەوی کشتوکاڵی، دوو هەزار دۆنمی بەراو و شیاو بۆ داچاندنی برنجیان هەیە. دوو ساڵە بارانبارینی زۆر سەرچاوەی کانیاوەکانی ژیاندووەتەوە و 53 هەزار دۆنمی تەنیا لەم دەشتە بەراو کردووە.
فەریق حەسەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەریر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، 500 دۆنم زەوی لە سنوورەکەماندا بە برنج چێنراوە. دوو ساڵە ڕێژەی ئەو جووتیارانەی ڕوویان کردووەتە چاندنی برنج لە بەرزبوونەوەدایە و هۆکارەکەشی زۆربوونی سەرچاوەی ئاوە کە برنج ئاوی زۆری پێویستە و زووش ساخ دەبێتەوە، بۆیە جووتیاری زۆر ڕووی تێکردووە.
ساڵانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار تۆن برنج ساخ دەبێتەوە. بڕی ئەو سەرمایەی بۆ کڕینی دەچێتە دەرەوە زیاتر لە 230 ملیۆن دۆلارە. ساڵانە لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار تۆن برنج بەرهەم دەهێنرێت کە دەکاتە 3%ی پێداویستیی ناوخۆ و 97%ی هاوردە دەکرێت.[1]
#17-05-2020#