بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەران
20ی حوزەیران (69) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاگەیاندنی جاڕنامەی کۆڕبەندی جیهانی ساڵی (1951)ی جنێف بۆ مافەکانی پەنابەران، بەڵام بەداخەوە هێشتا دیاردەی کۆچ و ئاوارەیی لە جیهاندا بەردەوامی هەیە.
ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیری باری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کە ساڵانیێکە بەرۆکی ئەم ناوچەیەی گرتووە.لەسەرو ئەمانەش بارودۆخی تەندروستی و بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەجیهاندا و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەداخەوە ئامارە توشبووان و قوربانییەکان بەردەوام لەهەڵکشاندایە.
شەش ساڵی ڕابردوو بەداخەوە ساڵانێکی پڕ کارەسات و تراژیدیا بوو بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی کوردستان کە سەدان پەنابەر و ئاوارە بەهۆی خراپی باردودۆخی ڕێگا قاچاخەکانەوە وە بە جۆرەها تراژیدیای دڵ هەژێنی مرۆیی گیانیان لەدەستداوە، یاخود بێ سەروشوێنن بوون کە بەشێکی زۆری قوربانیەکان پێکهاتبوون لە ژن و منداڵ.
ئەمە لە کاتێکدا کە بە سەدان پەنابەری تر بەهۆی ڕاگرتنیان لە کەمپ و گرتوخانەکاندا بۆ ماوەیەکی دریژخایەن دەستبەسەرکراون کە بەشێکیان توشی شڵەژانی دەرونی و دڵەڕاوکێ بوونەتەوە.
پەیمانی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەرگری لە مافی پەنابەران و داوا ڕەواکانیان. شانبەشانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران لەسەراسەری جیهاندا، داواکارین لە کاربەدەستان و لایەنی پەیوەندیدار لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە هەنگاو بنێن بەئاڕاستەی هێمنکردنەوەی قەیرانەکان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسایی و شایستە و گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ هاووڵاتیانی ئەم کۆمەڵگایەو لەهەمان کاتدا بانگەوازی لایەنە بەرپرسەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە :
1.کاری جدی و بەپەلە بکرێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی پەنابەران، کە بەشێک لەووڵاتان پلانی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانیان هەیە. ئەمەش بۆتە هۆی دروست بوونی بارێکی دەرونی خراپ لای پەنابەران و زۆرجار دەرئەنجامی ئەم بارە دەرونییە تراژیدیای مرۆیی وەک خۆ کوشتنی لێکەوتۆتەوە کە بەداتاو بەڵگە لە لامانەو نابێت ئەم تراژیدیایە چیتر بەردەوامی هەبێت.
2.پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بهێنرێت بەسیاسەتی ڕاگرتنی پەنابەران لە کەمپەکاندا کە بەهیچ پێوەرێک شوێنی ژیان و مانەوەی ئینسان نییە. پێدانی مافی پەنابەریان و گوێزانەوەیان بۆ کۆمەڵگەی ئارام وشایستە بە ئینسان.
3.ئاسانکاری بکڕیت لە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی ئەو هاوڵاتی و پەنابەران لەدەرەوەی ووڵات بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەو پەنابەرانەی بەشێوەی ئارەزومەندانەو لەسەر ویستی خۆیان داوای گەرانەوەیان دەکەن.
4.داواکارین لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت و سەرمایەدارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکارمان بن لە پرۆژە مرۆییەکاندا بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەران و ئاوارەکان بەتایبەتی لەهەڵمەتی هۆشیار و ڕشاندنی دژە ڤایرۆس و دابینکردنی پێداوستییە خۆپارێزیەکان تا بە هەمووان تواناکانمان یەک بخەین بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران
#20-06-2020#