لە کاتژمێر (12)ی شەوی 11 لەسەر 12ی07-2020، بۆماوەی یەک هەفتە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 18 لەسەر 19 ی07-2020 ڕێکارەکان بەمشێوەیەی لای خوارەوە دەبێت:-
1- لە سنووری سەنتەری شار و سەرجەم قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگای #هەولێر#، لەکاتژمێر (12)ی شه و تاوەکو (5) بەیانی، سەرجەم بازاڕ و دوکان و هەموو ئه و شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کراوەن دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.
2- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق بەداخراوی دەمێنێتەوە، جگە له و حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراون.
3- سەبارەت بە کەرنتینی ئەوانەی لەوڵاتانی ترەوە لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یان لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و دەروازە سنوورییەکانی تری هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ شاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر دوای ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئه و ڕێکارە دەگرێتەبەر، هەموو ئەوانەی لەوڵاتانی ترەوە دەگەڕێنەوە دەبێت پشکنینی پشتڕاستکراوەیان له و شوێن و وڵاتەی کە لێیەوە هاتوون لابێت و ماوەکەی (48) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێ، بەپێچەوانەوە لەسەر ئەرک و تێچووی خۆیان پشکنییان بۆ ئەنجام دەدرێت و بەڵێن نامەیان لێوەردەگیرێت کە بۆ ماوەی (14) ڕۆژ لەشوێنی حەوانەوە یان ماڵەکەی خۆیان کەرەنتین بکرێن.
4- سەبارەت بەبازگەکانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، سیستەمێکی بۆ پشکنین و چۆنیەتی هاتنە ژوورەوەی ئه و هاوڵاتییانەی دەیانەوێت بێنە هەولێر داڕشتووە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئه و سیستەمە دەچێتە واری جێبەجێکردن.
5- ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەیدا تەواوی ئه و گلەیی و سەر نج و ڕەخنە و کەم و کوڕیانەی هەبوون سەبارەت بە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆناو پاک و خاوێنی و خزمەتکردنی نەخۆشەکانی تاوتوێکرد و خستیە بەرباس، دڵنییای دەدەینە هەموو لایەک بە زووترین کات هەر گرفت و کێشەیەک هەیە چارەسەر دەکرێت.
6- چێشتخانەکان بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیارەکانی دەستەی گەشت گوزار کراوەدەبن، هەر چێشتخانەیەک ئه و مەرجە تەندروستییانەی بۆیان دیارکراوە جێبەجێیان نەکات شوێنەکەی دادەخرێت بۆ ماوەیەک کە لە هەفتەیەک کەمتر نەبێت.
7- بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە شاری هەولێر و مەترسی داری دۆخەکە (مزگەوت، کڵێسا، شوێنە ئاینییە پیرۆزەکان، هۆڵی بۆنە ئاینییەکان) بەداخراوی دەمێننەوە و پرسە دانان و چوونە سەرقەبران قەدەغەیە.
8-ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە (هۆڵەکانی ئاهەنگ گێران، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، یانەی شەوانە، نێرگەلەکێشان، هۆڵ و سەنتەرەکانی لەشجوانی، هۆڵەکانی وەرزشی، مەلەوانگە، هۆڵەکەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (بار)، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی مەساج).
9- ساردەمەنی، چایەخانە، ڕیستۆرانتی باخچەکان، سەرجەم شوێنەکانی هاوشێوەیان، دەبێت تەنها بە کەل و پەلی سەفەری کە بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێت کاربکەن و ڕەچاووی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن، بە پێچەوانەوە شوێنەکەیان دادەخرێت بۆ ماوەیەک کە لەهەفتەیەک کەمتر نەبێت.
10- لە ڕۆژانی هەینی (بازاڕە میللیەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە، پیشانگاکانی ئۆتۆمۆبێل) بەتەواوی دادەخرێن و هاتووچۆکردن لێیان قەدەغەیە.
11- دەوامی فەرمانگەکان، جگە لە (تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان)، بەسیستەمی شەفتات و بەڕێژەی لە 30% دەبێت لەڕۆژانی (یەک شەممە تاوەکو چوارشەممە)، سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام (دەمامک)ی نەبەستابێت ڕێکاری کارگێری بەرامبەری دەگیرێتە بەر، هیچ هاوڵاتییەک و موراجعێک بەبێ بەستنی (دەمامک) بۆی نیە بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک، هەر فەرمانگەیەک قەرەبالغی تێدا دروستبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار دەوام له و فەرمانگەیە ڕادەگرین، ئه و فەرمانبەرانەشی جێنشینی دەرەوەی شاری هەولێرن و دەوامییان لەناوی سەنتەری شاری هەولێرە، پێویست ناکات دەوام بکەن.
12- لە هەر شوێنێکی بازرگانی و بازار و دوکان و مارکێت و مۆڵ و چێشتخانەیەک ڕێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ نەکرێن، دەست بەجێ ئەم شوێنە دادەخرێت، بۆ ماوەیەک کە لە هەفتەیەک کەمتر نەبێت.
13- کردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی کراوە دەبن دەبێت ئه و مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت:
کردنەوەی نۆڕینگەکان لە کاتژمێر (3)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (8)ی ئێوارە دەبێت.
لە هۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی هەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت.
پزیشک دەستکێشی لەدەست بێ و (دەمامک) ببەستبێ.
نەخۆش یەک هەواڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و هەردوکیان (دەمامک)یان بەستبێت.
ڕۆژانە نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن.
له و ماوەیەدا لە(کاتژمێر 3 بۆ 7) لە (10) نەخۆش زیاتر نەبینرێت.
14- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرجەم قایمقامەکان بۆ بەرگرتن لە کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، هەر بڕیارێک لە سنووری قەزاکەیان بیدەن و لە کاتی پێویستیش بۆیان هەیە لەسنووری قەزاکەیان کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ڕابگەیەنن.
15- ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر 12ی شەوی 11 لەسەر12ی07-2020 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 18 لەسەر 19ی07-2020.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020-07-11