زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژینی #سنە# بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایکی بە منداڵانی بێبەشی کوردستان، بە 10 ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
بەپێی ئەسڵی 15ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوێندن و فێرکردن بە زمانی دایکی ڕێگەپێدراوە و مافی بێ ئەملا و ئەولای هەموو نەتەوە و کەمە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە و نەتەوە و کەمە نەتەوەکان دەتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و بنووسن؛ بەڵام بەداخەوە ئەو ئەسڵە گرینگە لەبیر کراوە و سەرەڕای ئەوەیکە ئەو ئەسڵە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو کەسانێک کە لە ڕاستای پێشخستن و پەرەپێدان بە زمانی دایکی هەوڵیان داوە، لەگەڵ سزای قورس بەرەڕوو بوونەتەوە.
لە کوێی جیهان دیتراوە کە بۆ فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایکی ئەو جۆرە سزا قورسە دادوەرییە و نادادپەروەرانەیە، داسەپێت؟
حوکمی نادادپەروەرانەی 10 ساڵ زیندان بۆ زارا محەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین و مامۆستای زمان و وێژەی کوردی بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایکی و هەوڵدان بۆ پێشخستنی ئەو زمانە کە سەرەتاییترین مافێکە کە بە فەرمی ناسراوە و بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە، ئەو حوکمە بسەپێت.
بارودۆخی هەنووکەیی هەر مرۆڤێکی ئاگا و بەویژدان بەو قەناعەتە دەگەیەنێت لەهەمبەر ئەو سزایە هەڵوێست بگرێت. خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان سەرەڕای وەها سزایەک بە ئیرادەیەکی بەهێز لە ڕاستای جێبەجێ بوونی داخوازییە ڕەواکانیان کە هەمان بارهێنان و فێرکردنی زمانی دایکییە، پێداگری دەکات.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (#سەقز# و زیویە) حوکمی داسەپاو بەسەر زارا محەممەدی بە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی خەڵکی کوردستان دەزانێت و بەپێی ئەسڵی 15ی یاسای بنەڕەتی، بە ئەرکی خۆی دەزانێت داکۆکی لە خوێندن بە زمانی دایکی بکات و هەر جۆرە نادادپەروەرییەک لە ڕاستای بەربەرستکردنی بارهێنان و خوێندن بە زمانی دایکی مەحکووم دەکات و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی داسەپاو دژی زارا محەممەدییە.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە)
2ی گەلاوێژی ساڵی 1399