بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، جگە لە هۆکارە سروشتییەکەی، هەنگەوانان کواڵێتی ئەو ماددانە بە هۆکار دەزانن کە وەزارەتی کشتوکاڵ دەیانداتێ، بەڵام وەزارتی کشتوکاڵ دەڵێت گرفتەکە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمانەکەیە نەک لە کواڵێتی.
ئەحمەد پشدەری، سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان گوتی: وەزارەتی کشتوکاڵ هەندێ ماددەی دابەشکردووە وەکو هاوکاری، هەرچەندە پارەشیان لێ وەرگرتووین، بەڵام کاریگەری خراپی هەیە.
بەڵام د.عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و پسپۆڕی بواری هەنگ دەڵێت:گرفتەکە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمانەکەیە نەک کواڵێتییەکەی، ئەگەر دەرمانی دژە (شریتی ڤاروان) بە نموونە وەربگرین، وەزارەتی کشتوکاڵ بە سێ دۆلار لە وڵاتانی ئەوروپای دەکڕێت و بە سێ هەزار دینار بە هەنگەوانانی دەفرۆشێتەوە.
پەڕەمێو و شریتی ڤاروان چین و بۆچی دەدرێنە هەنگ؟
پەڕەمێو، کاتێک هەنگ شەڵخە دەدات و ئامادە دەبێت بۆ زاوزێ، هەنگەوان دەیکاتە ناو پوورەیەکی نوێ، چوارچێوەی پوورە (سندوقەکە) دەبێ پەڕە مێوی لێبدرێ، ئەوەش بۆ زیاتر هاوکاریکردنی شارە هەنگەکەیە بۆ بنیاتنانی شاری نوێ.
شریتی ڤاروان: (گەنەی هەنگ یان حەشەرە)شی پێدەگوترێ، ئەو گیاندارە بچکۆلە تووشی هەنگ دەبێت و تا نەیکوژێت وازی لێناهێنێت، سەرەتا تووشی باڵقرتان و پەککەوتنی دەکات و بەرەهەمەکەشی دەخوات، دواتر هەنگەکە بەهۆی پەککەوتەییەوە لە شار دەردەکرێت، هێشتا وازی لێناهێنێت، خوێنی سەری هەنگەکە دەمژێ تا دەیکوژێ
بەرهەمی هەنگوین 60% کەمیکردووە
ئەحمەد پشدەری دەڵێت زۆری بارانبارین، نزمبوونەوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ڕەشەبا و کەمی شیلە، هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوین.
وەرزی بەهار باشترین وەرزە بۆ زاوزێ و دانانی گەرای هەنگ، چونکە هەڵاڵە زیاترە و کەشوهەواش لەبارە، بەڵام کە پلەی گەرما بەرزبووەوە، هەنگەوانەکان هەنگەکانیان دەبەنە کوێستانەکان، سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کە گەرما گەیشتە سەرووی 30 پلەی سیلیزی، شیلەی گوڵ پەیدا دەبێت، بەڵام پلەی گەرما لە 40 پلە تێپەڕبێت، هەنگەکە تەنیا کار بۆ نەتوانەوەی شانەکەی دەکات، چونکە شانەکان خۆیان پلەی گەرمییان بەرزە.
بەگوتەی پشدەری پارساڵ، ساڵی زێڕینی هەنگوین بوو، لە هەرێمی کوردستان 300 تۆن هەنگوین بەرهەمهێنرا، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمەکە زۆر کەمدەکات، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان کەمکردنەکە دەگاتە 60%.
بۆچی هەنگوین کەم دەکات؟
چەند هۆکارێک هەن کە کاریگەریی نەرێنیان لەسەر بەرهەمی هەنگوین دەبێت، لەوانە:
1 - پلەی گەرما و بارانبارین: کاریگەری زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوین هەیە، هەنگ پێویستی بە کەش و هەوایەکی فێنکە لە ناوچەیەکدا کە هەڵاڵەی زۆربێت، لەبەرئەوەشە کاتێک پلەی گەرما دەگاتە سەرووی 30 پلە، هەنگەوانان هەنگەکانیان دەبەنە کوێستانەکانی کوردستان. هەروەها زۆری بارانبارین یان بەردەوامبوونی باران تاوەکو کۆتایی بەهار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەنگوین.
2- زۆری سن و کوللە: کاریگەریی خراپی لەسەر هەنگ هەیە و بەرهەمەکەی دەخۆن.
3- ڕەشەبا: وا دەکات هاموشۆی هەنگ بۆ دەرەوەی شارەکەی ئەستەم بێت و نەتوانێت بە ئاسانی بگاتە هەڵاڵە.
4- کەمی شیلە و هەڵاڵە، هەر وەرزێک هەڵاڵە کەمبێت، بەرهەمی هەنگوینیش کەمدەبێت، چونکە خۆراکی سەرەکی هەنگن بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین.
د.عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و پسپۆڕی بواری هەنگ گوتی: 2020 ساڵێکی باش نەبوو بۆ هەنگوین، چونکە هەم باران زۆر بوو، هەمیش شیلە کەم بوو، بەتایبەتی لە دەشتی #هەولێر# زیانێکی زۆر بە هەنگەوانان کەوتووە.
جیاکردنەوەی هەنگوینی ئەسڵی لە ساختە
ئەسعەد مەلا ناسر، هەنگەوان لە پارێزگای هەولێر گوتی: هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە تاقیگەیەک بۆ پۆلێنکردنی هەنگوین دروستبکات، چونکە تائێستاش تەنیا بە ئەزموون هەنگوینی باش و خراپ جیادەکرێتەوە، زۆربەی هاونیشتمانییانیش ئەو ئەزموونەیان نییە. ئێستا هەنگوینە باشەکانیش بوونەتە قوربانی هەنگوینە ساختەکان. ئەسعەد مەلا ناسر دەشڵێت: تاکە ڕێگە بۆ کڕیار ئەوەیە خاوەن هەنگەکە بناسێت و متمانەی پێبکات.
بەڵام عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان ڕایگەیاند، تەنیا لە هەولێر دوو تاقیگە هەن، یەکێکیان لە کۆلێژی زانست و ئەوی دیکەیان لە کۆلێژی کشتوکاڵە، زۆربەی نموونەکانیش لەوێ دەپشکنرێن، هەر هەنگەوانێک بیەوێ دەتوانێ لەوێ هەنگوینەکەی بپشکنێت و بڕوانامەش وەربگرێت.
د.عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و پسپۆڕی بواری هەنگ پێیوایە، هەنگوینی کوردستان باشترین جۆری هەنگوینە و دەڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا دان بە کواڵێتی هەنگوینی خۆماڵیدا دەنێ، چونکە هەنگوینەکانی دیکە بە ڕێگەی نایاسایی هاوردە دەکرێن.[1]